شەڕ لەنێوان تاڵیبان و هێزەكانی بەرگریی ئەفغانستان-دا سەریهەڵداوە و گروپەكەی ئەحمەد مەسعود باس لە كوژرانی سەدان چەكداری تاڵیبان دەكەن.
دوای دوو هەفتە لە دانوستاندن و هەوڵەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەنێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و هێزەكانی بەرگری لە پەنجشیر، شەڕ لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا سەریهەڵدا.
پەنجشیر تاكە ویلایەتی ئەفغانستانە كە تاڵیبان نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات، بەرەی بەرگریی ئەففغانستان كە لە هێزەكانی ئەحمەد مەسعود سەركردەی چەكدارانی بەرگریكار و بەشێك لە سوپای ئەفغانستان پێكدێت، لەوێ جێگیربوون و لەسەرەتاوە پێداگیرییان كردووە لەوەی كە خۆیان و ناوچەكە ڕادەستی تاڵیبان ناكەن و دەجەنگن.
ماوەی نزیكەی دوو هەفتە بوو، دانوستاندن لەنێوان هەردوولادا هەبوو و تاڵیبان هەڕەشەی دەكرد ئەگەر خۆیان ڕادەست نەكەن، ئەوا هێزەكانی بەرگری تەفروتونا دەكەن.
بەرئەنجامی شكستهێنانی دانوستاندن، شەڕە چاوەڕوانكراوەكە لەنێوان تاڵیبان و هێزەكانی بەرگریدا دروستبوو، ماوەی چوار ڕۆژە شەڕ بەردەوامە و ئەمڕۆ هەینی پێكدادان چڕتربووە. هێزەكانی بەرەی بەرگریی ئەفغانستان دەڵێن، “350 چەكداری تاڵیبان كوژراون و 287 چەكدار برینداربوون و 35یشیان بەدیلگیراون”.
لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی شەڕەكە و هێرشی تاڵیبان بۆسەر پەنجشیر، تاڵیبان ڕایگەیاندووە، هێزەكانی بەرگری پێشنیارەكەی ئێمەیان ڕەتكردەوە كە بەڵێنمان پێدابوون موڵك و ماڵیان پارێزراوبن.
لە وەڵامی ئەوەدا، فەهیم دەشتی وتەبێژی بەرەی بەرگریی ئەفغانستان ڕایگەیاند، “بەرەی بەرگریی دەستكەوتی تایبەت و پۆستی حكومی ناوێت، بەڵكو بۆ ئەفغانستان تێدەكۆشێت”.