وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕێنمایی دەداتە ژنانی دووگیان، کە شێوازی وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان جیاوازترە لە خەڵکی دیکە و ڤاکسینی تایبەتیان هەیە کە بە تەکنەلۆجیای mRNA دروستکراوە.
بەپێی نووسراوێک کە وەزارەتی تەندروستی ئاراستەی فەرمانگەکانی کردووە، دەبێت “ژنانی دووگیان پاش تەواوکردنی مانگی چوارەم لە دووگیانی بەمەرجێک ماوەی نێوان ژەمی یەکەم و دووەم کەمترنەبێت لە دوو هەفتە”.
بەپێی نووسراوەکە ژنانی دووگیان ڤاکسینی دژەکۆرۆنا وەردەگرن لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەڕەزامەندیی خۆیان، واتە دوای پڕکردنەوەی فۆرمی ڕازیبوونی وەرگرتنی ڤاکسین.
وەزارەتی تەندروستی داوای لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێم کردووە، هەوڵەکانیان چڕتربکەنەوە بۆ هاندانی ئەو توێژەی کۆمەڵگە، تا بچن بەپێی ڕێنماییەکان ڤاکسینی دژەکۆرۆنا وەربگرن.
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی كوردستان دوو هەفتە پێش ئێستا چەند بڕیارێکی بۆ خێراترکردنی پێدانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بە هاوڵاتییان دەرکرد و بڕیارە لە هەڵمەتێکدا بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی هەرێم ڤاکسین وەربگرن.
ماوەی نزیکەی سێ مانگە شەپۆلێکی تری توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئێستا بەرپرسانی تەندروستی ئاماژە بە خاوبوونەوەی شەپۆلەکە دەکەن.