كونسوڵخانەی ھۆڵەندا لە ھەرێم بە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی، کارنامەی گەشەپێدانی کەرتی تایبەتی پێشکەش بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كرد.
ناوەڕۆكی کارنامەكە كار لەسەر گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و ئاسانكاریكردن بۆ بازرگانی دەكات لەڕێگەی بەکارھێنانی ئینتەرنێت و خێراترکردنی تۆمارکردنی کۆمپانیا بچووکەکان وەك ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاشكرایكردووە.
هەروەها، پرۆژەكە چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی بەگەڕخستنی سەنتەری بەبازاڕکردنی خاوەنکارە بچووکەکان لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی خاوەنکارەکان بێبەشنەبن لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ئەو ئیمتیازاتەی لە كەرتی گشتیدا هەیە.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە دیدارەكەیاندا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، نوێنەرایەتیی هۆڵەندا، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لە کەرتی تایبەت دووپاتکردەوە و ئامادەییان دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری لە بەگەڕخستنی پلانەكە لە هەرێمی کوردستان-دا.