حەریری بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان ڕاسپێردرا

سەعد حەریری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی لوبنان ڕاسپێردرا و لە وتەیەكیشدا سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بەڵێنی وەستاندنی داڕوخانی ئابوریی وڵاتەكەی دا.

 

میشال عۆن، سەرۆكی لوبنان ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەم سەعد حەریری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕاسپارد، ئەمەش پاش بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكانی پەرلەمانتاران لەو ڕاوێژە پەرلەمانییەی سەرۆكایەتی كۆمار ئەنجامیدا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە وتەیەكدا پاش جێهێشتنی كۆشكی كۆماری سوپاسی پەرلەمانتاران و بەتایبەتیش ئەو ئەندامانەی كرد كە ڕەزامەندییان لەسەر ڕاسپاردنەكەی كردووە بۆ “پێكهێنانی حكومەت لە كەسانی تەكنۆكرات و ناحزبی”.

حەریری وتیشی، “ئەركی حكومەتەكەی جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییە ئابوری و دارایی و ئیدارییەیە كە لە ڕاگەیەنراوی دەستپێشخەری فەڕەنسادا هاتووە و فراكسیۆنە سەرەكییەكان پابەندبوونی خۆیان بۆ پشتیوانی حكومەت لە جێبەجێكردنیدا نیشانداوە”.

دوپاتیشیكردەوە كە هەوڵ بۆ وەستاندنی ئەو هەرەسهێنانە دەدات كە هەڕەشە لە لوبنان و ئاسایشەكەی دەكات.

حەریری كە تاكە پاڵێوراوی ئەو پۆستە بوو 65 دەنگی لە كۆی 128 ئەندامی پەرلەمان بەدەستهێنا، لەكاتێكدا 53 پەرلەمانتار بایكۆتی ناونانەكەیان كرد و هەشت پەرلەمانتاری سەربەخۆش بەشدارییان نەكرد.

دوابەدوای تەقینەوەكەی 4ی ئابی بەنداوی بەیروت، كە تەقینەوەی هەزاران تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 200 كەس و برینداربوونی هەزارانی دیكە سەرەڕای زیانی دارایی كە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەكرێت، حكومەتی ئەو وڵاتە دەستی لەكاركێشایەوە.

پێشتر مستەفا ئەدیب، یەكەم ڕاسپێردراو بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە لە پێكهێنانی حكومەت شكستی هێنا و پاشەكشەی خۆی ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە شەنگال دەكرێت

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاری و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share