وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندن لە خوێندنگاكان دیاریكرا

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، حکومەت پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن دابیندەکات بۆ ئەوەی لە 14/ 9/ 2021دا خوێندن لە قوتابخانەکان دەستپێبکات و ئەو بەروارەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرایە بڕیار.

قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵای کرد کە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021_ 2022 لە‌گە‌ڵ چە‌ند بابە‌تێكی تری تایبە‌ت بە ڕەوشی ‌خوێندن و قوتابیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەشی، سەرەتای کۆبوونەوەكە باس لە ئامادەکارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خوێندكاران لە‌ناو پۆلە‌كاندا كراوە، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردوە، حکومەت پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دابیندەکات بۆ ئەوەی لە 14/ 9/ 2021 خوێندن لە قوتابخانەکان دەستپێبکات و ئەو بەروارەش بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە کرایە بڕیار.

لای خۆیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک وەزارەت و مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، هەروەها ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییە‌كانی خولی یە‌كە‌می پۆلی دوازدە‌ ڕادەگەیەندرێت.

لای خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، خوێندنی باڵا لەماوەی نێوان 1/9 تاوەکو 25/9 خوێندن دەستپێدەکات لەناو هۆڵەكانی زانكۆ.

وتیشی، “بەپێی رۆژژمێری زانکۆیی، زانکۆکان ئامادەکارییەكانیان دەستپێکردوون و بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەوام دەستپێدەکات”.

ھە‌رلە کۆبوونەوەكەدا چۆنییەتی ڕێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەشێوازێک کە لەگەڵ سەردەم و پێویستیی بازاڕ بگونجێت تاوتوێكرا، بەشداران جە‌ختیان لە‌ گرنگیی خوێندنی پیشە‌یی كردەوە و هاوڕابوون كە پێویستە‌ زیاتر پە‌رە‌ی پێبدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لەبارەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی تەواوی دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەربڕی.…
Total
0
Share