لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەو هەڵبژاردنە زیاتر دەبێت و ئێستا %55ی کاغەزەکانی دەنگدان چاپکراون و ئامادەن.
لەسەر ئامادەکارییەکانی دەنگدان نوێنەرایەتیی UN لە عێراق (UNAMI) ڕایگەیاندووە، “کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بەباشی بەڕێوەدەبات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو”.
هاوکات ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، کە کاغەزی لیستەکانی دەنگدان زیاتر لە نیوەی تەواوبووە، جەختکراوەتەوە کە دەبێت کاخەزەکان کوالێتییان باشبێت و ئاسانبن بۆ دەنگدانی دەنگدەران.
ئەگەرچی کۆمەڵێک ئاماژە هەبوون بۆ دواکەوتن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن.
لەگەڵ ئامادەکارییەکاندا، بەشێک لە لیست و قەوارەکان کاندیدانی خۆیان دەناسێنن و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەکەن.
بەهۆی کشانەوەی ڕەوتی سەدر و چەند لایەنێكی دیكەی عێراقی لە هەڵبژاردنەکان، ئومێد لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لاواز بوو، بەڵام لیست و قەوارە و هاوپەیمانەکانی دیکە سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا.