چەكدارانی تاڵیبان چوونە ناو كابولەوە

ئەمریكا داوای لە تاڵیبان كردووە، لە چوونە ناو كابولی پایتەخت پەلەنەكات، تا ئەو كاتەی واشنتن هاوڵاتی و فەرمانبەرە ئەمریكییەكان دەگوازێتەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان باس لە چوونەناوەوەی چەكدارانی تاڵیبان دەكات بۆ كابول.

ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانەوە گواستیانەوە، چەكدارانی تاڵیبان لە ناوچە جیاوازەكانەوە دەستیانكردووە بە چوونە ناو كابولی پایتەخت، تەنانەت باس لە كۆنترۆڵكردنی زانكۆی كابول و چەند گەڕەكێكی دیكە دەكرێت و ئاڵای بزوتنەوەكە هەڵكراوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێكی باڵای تاڵیبانەوە بڵاویكردووەتەوە، بەرپرسانی بزوتنەوەكە داوایان لە چەكداران كردووە هیچ كردەوەیەكی توندوتیژ نەنوێنن و ڕێگە بە هەركەسێك بدەن كە دەیەوێت شارەكە جێبێڵێت.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، زاڵمای خەلیلزاد نێردراوی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان داوای لە بزوتنەوەی تاڵیبان كردووە نەچنە كابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە، تا ئەو كاتەی واشنتن دەتوانێت هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەكەی لەو وڵاتە دەگوازێتەوە.

ڕۆژنامەكە وەڵامی تاڵیبانی ئاشكراكردووە، بەوەی بەو داواكارییەی ئەمریكا ڕازین، بەو مەرجەی لە بەرامبەردا واشنتن هێرشە ئاسمانییەكانی سەر بزوتنەوەكە ڕابگرێت.

بەپێی پێشبینییەكانی ڕۆژنامەكە، تا ئێستا نزیكەی 10 هەزار هاوڵاتی و فەرمانبەری ئەمریكی لە كابول بوونیان هەیە و نازانرێت گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی دیكە چەندی پێدەچێت، تەنانەت دیار نییە ئەمریكا لەو هەنگاوەدا سەركەوتوو دەبێت یان نا.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێكی بالای ئەمریكی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە، ئەندامە سەرەكییەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابول لە فڕۆكەخانەی شارەكەوە كارەكانیان بەڕێدەكەن.

تاڵیبانی ئەفغانستان بەردەوامە لە پێشڕەوییەكانی و پێشتر پێشبینیی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا بەو ئاراستەیە بوون، كە تاڵیبان تا سێ مانگی دیكە بتوانێت كابول كۆنترۆڵبكات، بەڵام پێشڕەوییان زۆر خێراتر لەوە ڕوویاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پزیشكێكى به‌ناوبانگى ئه‌فغانی دوای ڕفاندنى به‌كوژراوى دۆزرایه‌وه‌

پزیشكێكى به‌ناوبانگ لە ئه‌فغانستان دواى ڕفاندى ته‌رمه‌كه‌ى دۆزرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر خانه‌واده‌كه‌ى زیاتر له‌ 100 هه‌زار دۆلاریان وه‌كو سه‌رانه‌…
زیاتر ببینە

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت: ئێـ.ـران هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، ئێـ.ـران ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی بنکەی سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکای لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کردووە…
Total
0
Share