ئەمڕۆ كەمئەندامان چاوەڕوانی وەڵامێكی وەزیری دارایی هەرێم-ن

خاوەن پێداویستییەكی تایبەت لە سلێمانی فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان

بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دارایی وەڵامی كەمئەندامانی هەرێم بداتەوە لەبارەی چارەنوسی موچەی یەك ساڵی ئەو توێژە، كەمئەندامانیش لە چاوەڕوانیدان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەكەم، پاش كۆبوونەوە لەگەڵ كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێم، سامان حسێن، سكرتێری ڕیكخراوی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەمڕۆ یاداشتێكمان پێشكەش بە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كرد، بەمەبەستی دیاریكردنی چارەنوسی موچەی یەك ساڵی كەمئەندامان، چونكە لەكاتی ئامادەكردنی لیستی موچە پێمان وترا لە بری مانگی نۆی ساڵی 2019، موچەی مانگی نۆی 2020تان بۆ خەرج دەكرێت”.

سامان حسێن ئەوەشی خستەڕوو، “وەزیری كار بەدواداچوونی كردووە بەڵێنی دا لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكات و دەبێت ئەمڕۆ وەڵام وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت موچەی ئەو ساڵە چارەنوسی چی دەبێت”.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی ڕێكخراوەكەی كەمئەندامان ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵێنمان لە وەزیری كار وەرگرت، ئەو كەمئەندامانەی خاوەنی دوو موچەن، هیچ لە موچەكانیان نابڕدرێت بەڵكو وەك دەرماڵە یەكدەخرێت”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە، ئەو بڕیارەی لە ساڵی 2013ەوە كەمئەندامان چاوەڕوانین كە زیاتر لە 26 بۆ 30 هەزار كەمئەندام دەخرێنە سەر لیستی موچەی كەمئەندامان، تەواو بووە تەنها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە.

پێشتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، سامان حسێن ئاشكرایكرد، چارەنوسی موچەی یەك ساڵی 89 هەزار كەمئەندام دیار نییە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی وەڵام لەلایەن حكومەتەوە، پەنا دەبەنە بەر دادگای كارگێڕی.

 

بابەتی پێشتر

نرخی دراوەكان.. دۆلار بە ناجێگیری ماوەتەوە

بابەتی دواتر

گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و توركیا دەستپێدەكەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share