دەسەڵاتدارێتی توركیا ڕایدەگەیەنێت، حاڵەتەكانی مردن بەهۆی مەی و خواردنەوە كحولییە خراپ و ساختەكانەوە لە وڵاتەكەی گەیشتووەتە 63 كەس، ئەمەش لە 9ی ئەم مانگەوە.
سەرچاوە تەندروستییەكانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەكەم ئاشكرایانكرد، حاڵەتەكان لە 10 شاری سەرەكی ڕوویانداوە، كە لە نێویاندا ئیزمیر و زونگوڵداك و مێرسین و زموگلا هەیە.
هەر بەپێی سەرچاوەكان مردنەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بەهۆی مەیە بەسەرچوو و ساختەكراوەكان بووە كە بووەتە هۆی ژەهراویبوونی ئەو كەسانە.
لای خۆیەوە دەسەڵاتدارێتی ئەمنیی توركیا ڕایگەیاند، هەڵمەتەكانی درێژەپێدەدات بۆ دەستگیركردنی تێوەگلاوانی ئەو تاوانە.
بەپێی پۆلیسی ئەو وڵاتە لە دوایین هەڵمەتدا دوو تێوەگلاو دەستگیركراون و دەستیش گیراوە بەسەر دوو تۆن خواردنەوەی كحولی ساختەكراودا، تەنها هەفتەی ڕابردووش 285 گومانلێكراو دەستگیركراون و یاداشتی دەستگیركردن سەبارەت بە 76 كەسیان دەرچووە.
پاش ئەوەی حكومەتی توركیا بەڕێژەیەكی بەرز باجی خستووەتەسەر خواردنەوە كحولییەكان، بەرهەمهێنانی خواردنەوەی ساختە و هەرزان زیادیكردووە.
پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشكرایكرد، “ئەو خواردنەوە كحولییانەی لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرهەم دێن بەڕێژەی 443% باجیان خراوەتەسەر، جۆرێكی بیرەش بەڕێژەی 365% و جۆرێكی دیكەی مەی-یش 234% باجی خراوەتەسەر”.
ئەو باجە زۆرەش وایكردووە خواردنەوە كحولییەكان گران بن، ئەوانەشی كە مەی دەخۆنەوە بەدوای جۆرێكی هەرزانتردا دەگەڕێن.