لویس ساكۆ: كریستیانه‌كانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان

كاردینال لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان دەڵێت، “بوونی كریستیانه‌كانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە”.

ساكۆ ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاب ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “كردەوەكانی بەئامانجگرتن و هەڕەشەلێكردن و چەوساندنەوە، بوونەتەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی كریستیانەكان لە عێراق دا”.

ئاشكرایكرد، پێش ساڵی 2003 كریستیانەكانی عێراق ژمارەیان یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس بوون، بەڵام ئێستا كەمتر لە 500 هەزار كریستیان لە عێراق دا هەن.

ساكۆ هۆشداری دا لە مەترسیی نەمانی پێكهاتەكان لە عێراق و وتی، “بوونی كریستیانه‌كانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە”.

چەندین جاری تر پاتریاركی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداری داوە لە بارودۆخی كریستیانەكانی عێراق و پێشتر ڕایگەیاندبوو، “ئه‌گه‌ر كۆچی كریستیانه‌كان بۆ دەرەوەی وڵات به‌رده‌وام ببێت، ئه‌وا چاره‌نووسی كریستیانه‌كانی عێراق هاوشێوه‌ی جووه‌كان ده‌بێت”، وەك ئاماژەیەك بۆ كۆچی یەكجارەكیی جووەكانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا.

كاردینال لویس ساكۆ داواشی له‌ سه‌رجه‌م كریستیانه‌كان كردبوو كە بەهۆی شەڕ و كردەوە تیرۆریستییەكانەوە بەنیازن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، بۆچوونی خۆیان بگۆڕن و له‌ عێراق بمێننه‌وه‌.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە مەترسییەك لەسەر مرۆڤایەتی دەدات

بابەتی دواتر

بۆمبێك لە كەركوك تەقییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share