پەرلەمانتارێك: ساڵی ڕابردوو 25 ملیار دۆلار ونكراوە

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا 25 ملیار دۆلاری عێراق ونكراوە.

ساڵحی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاب ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، ساڵی 2020 بڕی 40 ملیار دۆلار ڕەوانەی دەرەوە كراوە بۆ كڕینی شمەك، كەچی قەبارەی هاوردەنی تەنها 15 ملیار دۆلار بووە.

ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری هاوردەنیی وڵاتی بۆ ساڵی 2020 ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، “بەراورد بە ساڵانی 2019 و 2018، قەبارەی شمەكی هاوردەكراو لە ساڵی 2020دا بەڕادەیەكی زۆر بچووك بووەتەوە.”

وەزارەتەكە هۆكاری ئەوەی گەڕاندەوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر جموجۆڵی بازرگانیی نێودەوڵەتی و هاتوچۆ، بەڵام پەرلەمانتارەكەی عێراق بۆچوونێكی تری سەبارەت بەو پرسە هەیە و پێیوایە ئەو پارانە بەهەدەردراون و ونكراون.

ئەرشەد ساڵحی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، “بەگوێرەی داتا و ژمارەكانی بانكی ناوەندی، ئەو پارانەی لە ساڵی 2020دا بردراونەتە دەرەوەی عێراق بۆ كڕینی كاڵا و شمەك، بریتی بوون لە 40 ملیار دۆلار، بەڵام هەموو ئەو شمەكانەی لە ماوەی ئەو ساڵەدا هاوردەكراون، بەهاكەیان 15 ملیار دۆلار بووە” و ئەوەش بە لەناوبردنی سامانی گشتی و گەندەڵی ناوزەد دەكات.

بابەتی پێشتر

نەبەستنی ماسك لە هەولێر سزای بەدواوەیە

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share