بڕیارە دادگای ئەڵمانیا پاسەوانێكی پێشووی سەربازگەیەكی نازییەكان لە نزیك بەرلین ئەنجامبدرێت بە تۆمەتی هاوكاریكردن لە كوشتنی دەستگیركراوان، لەنێویشیدا تەقەكردن لە دیلەكانی جەنگی سۆڤیەت و كوشتنی كەسانی دیكە بە گازی ژەهراوی.
دادگای ئەڵمانیا سوورە لەسەر دادگاییكردنی پاسەوانێكی پێشووی سەربازگەی دەستگیركردنی نازی (زاكسنهاوزن) كە لەلایەن ڕژێمی نازییەوە لە نزیك بەرلین بەڕێوەدەبرا، بەتۆمەتی بەشداری لە تاوانی كوشتنی سێ هەزار و 518 حاڵەت.
ئیریس لۆ كلیر، وتەبێژی دادگای ڕایگەیاند، دادگاییەكە سەرەتای تشرینی یەكەمی داهاتوو لە شاری نویرۆبین لە ویلایەتی براندنبۆرگ ئەنجامدەدرێت، دوای ئەوەی تۆمەتبار، كە تەمەنی 100 ساڵە، پشكنینی پزیشكی لەسەر دەستی شارەزایان بۆ ئەنجامدرا و دەركەوت توانای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگا هەیە.
داواكاری گشتی پاسەوانەكەی پێشوو بە هاوكاریكردن لە كوشتنی دەستگیركراوان تۆمەتباردەكات، لەوانەش تەقەكردن لە دیلەكانی جەنگی سۆڤیەت لە ساڵی 1942 و كوشتنی بەندكراوان بە گازی ژەهراوی (زیكلۆن ب).
بەپێی یاداشتی داواكاری گشتی، تاوانەكان لەنێوان ساڵی 1942 و شوباتی 1945 ئەنجامدراون. سەربازگەكە لە نیسانی 1945 لەلایەن هێزەكانی سۆڤیەتەوە ئازادكرا.
سەربازگەكەی پێشوو كە دەكەوێتە 30 كیلۆمەتر لە باكووری بەرلین لەئێستادا مۆزەخانە و پەیكەری لێ جێگیركراوە.
بەپێی تۆمارەكان زیاتر لە 200 هەزار بەندكراو لەنێوان ساڵانی 1936 و 1945 لە سەربازگەكە دەستبەسەركراون و، هەزارانیان بەهۆی برسێتی، نەخۆشی، تاقیكردنەوەی پزیشكی و خراپی مامەڵەكردنەوە مردوون، یان لەسێدارەدراون.
س: DW