وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەت وەبەرهێنان لە بواری غازی سروشتی بە كاری پێشینەی خۆی داناوە و دەشڵێت، سەرەتای هەماهەنگییەكی نوێ لەگەڵ هەرێم لەئارادایە و هیواش دەخوازێت بەردەوام بێت و كاتی نەبێت.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، زیادبوونی داهاتی نەوتی عێراق لەمانگی ڕابردوودا، كە گەیشتە زیاتر لە شەش ملیار دۆلار، بەهۆی كۆنتڕۆڵكردنی بڕی بەرهەمهێنانە لەلایەن وڵاتانی ئۆپیك.
پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی نرخی نەوتی خاو لەنێوان 67 بۆ 70 دۆلاردا بۆ هەر بەرمیلێك بمێنێتەوە، بەهۆیەوە داهاتی عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
دەربارەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداد و هەولێریش سەبارەت بە داهاتی نەوت، سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری ئیحسان عەبدولجەبار وتی، ناكۆكییەكان پاشخانێكی مێژوویی هەیە زیاتر لەوەی بەرهەمی دۆخی ئێستا بێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە لە دۆخی ئێستادا كەمترین ئاستی سازان و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەیە و “سەرەتای هەماهەنگییەكی نوێ لە ئارادایە، هیواخوازین باشبوونەكە بەردەوام بێت و، كاتی نەبێت”.
وەزیرە عێراقییەكە، كە ئێستا بە سەردانێك لە ئەمریكایە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكانی گفتوگۆی ستراتیژی، دوپاتیشیكردەوە، حكومەتی بەغداد وەبەرهێنان لە غازی سروشتی لە پێشینەی كارەكانی داناوە، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتنە پڕكردنەوەی پێداویستییەكان و ڕاوەستاندنی هاوردەكردنی.
ڕەتیشیكردەوە، هیچ “دەستێوەردانێكی چین” لە سیاسەتی نەوتی عێراق لەئارادابێت.
وەزیری نەوت دوپاتیشیكردەوە، عێراق بەشێوەیەكی ڕوون ڕوو لە وزەی نوێ دەكات، بەتایبەت وزەی خۆر.