حزبوڵا: ئەگەر ئەمریكا سەربازەكانی نەكشێنێتەوە لە عێراق هێرشەكانمان بەردەوامی پێدەدەین

بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق، هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا دەکات، ئەگەر تەواوی سەربازەكانیان لە عێراق نەکشێننەوە.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دانوستانەکانی نێوان بەغداد و واشتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەكەی ڕایگەیاندووە، “مستەفا کازمی و فوئاد حسێن متمانەی ئەوەیان پێناکرێت بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کەیسێکی گرنگ، کە پەیوەندی بە سەروەری عێراقییەکانەوە هەبێت و گونجاو نین”.

باسی لەوەشكردووە، “تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر کە بووە هۆی کوژرانی 30 کەس سەرکەوتوو نابێت وەک بیانوویەک بۆ مانەوەی هێزەکانی داگیرکەر.”

ئەبوعەلی عەسكەری، جەختی لەوەشكردووەتەوە، “ئەگەر ئەمریكا بە ڕاشکاوانە کشانەوەی هێزەکانی ڕانەگەیەنێت و بە شێوەیەکی مەیدانی دڵنیا نەکرێینەوە لەلایەن لیژنەکانی پەرلەمان و لیژنە ئەمنییەكانەوە، ئەوا هێرشەكان بۆسەر سەرجەم پێگەکانی دوژمن فراوانتر دەكەین،تا ئەوکاتەی کۆتا سەرباز دەکشێننەوە”.

هەڕەشەكانی بەرپرسی ئەمنی حزبوڵای عێراقی لە كاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا بەردەوامی هەیە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها چەند پرسێكی دیكە، بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممە كۆبوونەوەی نێوان كازمی و بادین ئەنجام بدرێت و تاوتوێی ئەو پرسانە بكەن.

بابەتی پێشتر

هەولێر.. لە ڕۆژانی جەژندا پێنج كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

كەركوك.. پیاوێك ژنەكەی خۆی كوشت و كوڕێكیش باوكی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share