ئامانجی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن ئاشكرادەكرێت

ڕاوێژكارێكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ واشنتۆن ئاشكرادەكات و دەڵێت، بۆ پرسی هەڵبژاردنەكان و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق.

حسێن عه‌لاوی، ڕاوێژكاری مسته‌فا كازمی ڕایگه‌یاندووە، سه‌ردانه‌كه‌ی سەرۆك وەزیران به‌شێكە له‌ چوارچێوه‌ی دیالۆگی ستراتیژی عێراقی – ئه‌مریكی، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی خشته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌ ڕاوێژكارییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ خاكی عێراق ده‌كرێت، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارەكانی ئابوری و سەربازی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەسەردانەكەدا وادەیەكی دیاریكراو دیاریده‌كرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداد و واشنتۆن بۆ پێش سه‌رده‌می داگیركردنی موسڵ له‌ ساڵی 2014 دا لەلایەن داعشەوە.

ڕاوێژكارەكەی كازمی باسی لەوەشكردووە، “سەرۆك وەزیران كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ گشتگیر له‌سه‌ربنه‌مای ڕه‌هه‌ندی سیاسی و ئابوری”.

عەلاوی ئەوەشی وتووە، “هەر لەسەردانەكەیدا كازمی پته‌وكردنی ئابوری عێراق‌ له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و لایەنە پەیوەندیدارەكان له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌ سپیه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێشتر خستبویەڕوو تاوتوێدەكات”.

بڕیاره‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته‌ واشنتۆن و له‌گه‌ڵ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ كۆببێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەو ئەفسەرەی هیشام هاشمی کوشت "سەر بە حزبوڵای عێراقییە"

بابەتی دواتر

داعش هێرشیكردە سەر گوندێكی سنووری پارێزگای كەركوك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share