ڕێكخستنەوەی میدیای یەكێتی.. كۆتاییهێنان بە ژەهری میدیای ئاستنزم و بەهەدەردانی دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵك

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەناو یەكێتیدا “بڕیاریان لێدراوە و بێ دوودڵی جێبەجێدەكرێن”، ڕێكخستنەوەی میدیای حزبەكە و هەموو ئەو میدیایانەی دیكەیە، “كە بەپارەی خەڵك و حزب دانراون، بەڵام شەڕی نزمی سیاسییان پێدەكرێت و هیچ ئەركێكی میدیایی بۆ كۆمەڵگە جێبەجێناكەن”.

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیاری ڕێكخستنەوەی ئەو میدیایانەی “بە پارەی حزبەكە و خەڵكی سنوری سلێمانی” دروستكراون، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد، ڕایگەیاند، “لە چەند ساڵی كەمی ڕابردوو، جگە لەوەی لە چەند لایەن و بوارێكی دیكە دەست خرابووە بینەقاقای خەڵكی سنووری سلێمانی، بەتایبەت لەڕووی قاچاخچێتی و بازرگانی، داهاتێكی زۆری سنوورەكە و یەكێتیش بۆ لێشاوێك كەناڵی میدیایی و پەیجی سۆشیال میدیا دەڕۆیشت، كە نەك هەر ئەركە سروشتییە میدیاییەكەی خۆیان جێبەجێ نەدەكرد، بەڵكو بۆ شەڕی سیاسیی ئاستنزم و برەودان بە ئەخلاقێكی سیاسیی زۆربڵێ، بەڵام هیچلەبارانەبوو بەكاردەهات”.

یەكێك لەو گلەییانەی لەبەشێك لەو میدیایانە هەبوون ئەوەیە، كە “زۆری دەوت، بەڵام لەڕووی  میدیایی و ئەركە سروشتییە میدیاییەكانی بەرامبەر بە كۆمەڵگە خراپترین ئەدای پێشكەشدەكرد، جگە لە نزمیی ئاستی پەیامە سیاسی، كۆمەڵایەتی و میدیاییەكەی، سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و دوودڵی و نیگەرانییەكی زۆری خەڵك بوو”.

سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی لەبارەی ئامانجەكانی ڕێكخستنەوەی میدیاكانی حزبەكەوە ڕوونكردنەوەی دا، وتی “ئامانجی یەكەمی ڕێكخستنەوەی ئەو میدیایانەی بە پارەی خەڵكی ماندووی سلێمانی و هەروەها یەكێتی دروستدەكران، كۆتاییهێنانە بەو ژەهرە میدیایی، سیاسی و كۆمەڵایەتییەی لەڕێگەی پەیجە ساختەكانی سۆشیال میدیا و هەندێك دامەزراوەی میدیاییەوە، بێ ویستی خەڵك، دەدرا بە وەرگر، دەرەنجامەكەشی جگە لە ماندووكردنی خەڵك و دروستكردنی دڵەڕاوكێ، برەوی بە ئەخلاق و ڕەفتارێكی سیاسیی ئاستنزم دەدا، كە زۆری دەوت، بەڵام هیچی نەدەكرد و زۆربڵێییەكەی نەدەگۆڕا بۆ باشتركردنی بژێویی ژیانی هەمان ئەو خەڵكەی، داهاتە بەناحەق دزراوەكەی دەكرایە سوتەمەنیی بەردەوامیدان بەو میدیایە”.

هەروەها ئامانجێكی دیكەی ڕێكخستنەوەی میدیاكانی سەر بە یەكێتی و “هەر میدیایەك بە پارەی یەكێتی و خەڵكی سنوورەكە دروستكرابێت، كۆتاییهێنانە بەو بەهەدەردانە داراییە گەورەیەی لەو میدیایانەدا خەرجدەكرا”.

لەبارەی بەهەدەردانی پارە و تێچووی ئەو میدیا كەسییانە، سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی ئاشكرایكرد، “كەناڵێك، كە نزیكەی سێ ساڵە باس لە دروستكردنی دەكرێت و وا پڕوپاگەندەی بۆكرا، دەبێتە یەكێك لە هەرە كەناڵە پرۆفیشناڵ و ئاستبەرزەكانی میدیای كوردی، بەڵام دوای خەرجكردنی دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵكی سلێمانی و یەكێتی، نەك هەر دەستی بە پەخش نەكرد، بەڵكو ببوە ناوەندی دروستكردنی پەیامی ئاستنزمی میدیایی و سیاسی بۆ پەیجە ساختەكان و میدیای دیكە، كە ئەنجامەكەی جگە لە هیلاككردنی زیاتری خەڵك و دروستكردنی دڕدۆنگی، هیچی دیكە نەبوو، مەبەستە سەرەكییەكەشی لێدان بوو لە هاوحزبەكانی خۆی لەناو حزب و حكومەت و پەرلەمان”.

كەناڵێك، كە هەر نەكرایەوە، “كەمترین موچە تیایدا هەزار و 500 دۆلار بووە، بەشێكی زۆری كارمەندەكانی دوو هەزار و 500 دۆلار بۆ پێنج هەزار دۆلار موچەیان بووە، موچەی مانگانەی كەسی یەكەمی كەناڵەكەش زیاتر بووە لە 15 هەزار دۆلار، بەگشتیش لە كەناڵێكدا، كە تەنانەت یەك دەقە پەخشی نەكردووە، دەیان ملیۆن دۆلار لە قوتی خەڵك و داهاتی یەكێتی خەرجكراوە”.

بۆیە سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی دووپاتیكردەوە، “بڕیاری ڕێكخستنەوەی كەناڵە میدیاییەكان بێ دوودڵی جێبەجێدەكرێت، هەنگاوی ڕێكخستنەوەی میدیای سەر بە یەكێتی، هەم كۆتایی بە ژەهری نێو سۆشیال میدیا و پەیجی ساختە و پەیامی میدیایی بێكوالێتی و نزمەئاست دێنێت، كە بەناوی دژایەتیكردنی لایەنی دیكەوە پەنجەی براكانی خۆی دەشكاند، خەڵكی زیاتر ماندوو و بێئومێد دەكرد، هەم چیتر ڕێگە بە بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلاری قوت و داهاتی خەڵكی سنووری سلێمانی و پارەی یەكێتی نادرێت بۆ دروستكردنی ئەو میدیا هیچلەبارانەبووانە”.

بابەتی پێشتر

ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەنێوان بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ئارادایە

بابەتی دواتر

کوندی بە تۆتنهامی وتووە (نەخێر) و چاوەڕوانی گەورەترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share