گروپ چاتی ژنانی داعش لە تێلیگرام.. گرنگترین باسەكانی چین؟

بەشێك لە كچ و ژنانی داعش لە كەمپی هول فۆتۆ: ڕۆیتەرز

وردەكاریی نوێی ژیانی ژنانی داعش لە كامپی هۆل و دیارترین ئەو پرسانەی لەڕێی گروپ چاتەكانەوە و بەتایبەتیش تێلیگرام تاوتوێی دەكەن، لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری (فۆڕین پۆڵسی) تیشكی خراوەتەسەر.

گۆڤارەكە ئاشكرایكردووە، سەرەڕای ئەوەی بەكارهێنانی مۆبایلیان لێقەدەغەكراوە، بەڵام ژنانی داعش گروپ چاتێكیان لە تێلیگرام دروستكردووە، كە 400 ئەندام لەخۆدەگرێت و ڕۆژانە لانیكەم 200یان بەشداریی تیادەدەكەن و زۆرینەی وتوێژەكانیان بەزمانی ڕوسییە، ڕێگە بە وەرگرتنی هیچ كەسێكی دیكە نادەن، تەنها لەڕێی پێشنیازی یەكێك لە ئەندامانی گروپەكەوە نەبێت.

ژنانی داعش لە گروپ چاتەكەدا ناوی خوازراوی دوور لە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان بەكاردەهێنن، وەك، “دایكی یوسف، سومەییە ئۆزبەكی، بەندكراوی دونیا” وێنەی ئەژمارەكانیشیان وێنەیەكی سروشتی یان هەر وێنەیەكی دوور لە وێنەی كەسییە.

گۆڤارە ئەمریكییە ئاشكرایكردووە، ئەوەی ژنان لە گروپەكەدا تاوتوێی دەكەن تەنها كاروباری ئاساییە، وەك فرۆشتنی خۆراك و خێوەت و جلوبەرگ و كەلوپەلی جوانكاری و دەرمان و تەنانەت گیانداران، لەكاتێكدا ژمارەیەكیان سەرگەرمی بەخێوكردنی گیاندارەكانی وەك كەروێشك و پشیلەن.

گفتوگۆكان پرسی گەندەڵیشی تێدایە، سەركردە و لایەنگران لە دەرەوەی كامپەكەوە بە ناردنی پارە هاوكاریی ژنانی ناو كامپەكە دەكەن، پارەكەش لەڕێی ژمارەیەكی كەمی ژنانی ناو كامپەكەوە دەنێردرێت، بەڵام ئەو ژنانەی بەرپرسن لە دابەشكردنی ئەو پارانە زۆرجار بە دزینی تۆمەتباردەكرێن.

گەرمترین پرسی نێوان ژنانی داعش لە گروپ چاتەكەدا دەربارەی جلوبەرگی گونجاوی ژنانە لە كامپەكە و، چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كرێكارە نێرینەكانی شوێنەكە، هەروەها ئەگەر و چۆنێتی گەڕانەوە بۆ نیشتمانی خۆیان.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەتێپەڕبوونی كات گرنگیدانی ژنان بە پەڕگیری كەمترینە بەراورد بە پرسەكانی دیكەی ڕۆژانە، بەتایبەتی دوای گەڕاندنەوەی ژنە زۆر پەڕگیرەكان بۆ نیشتمانی خۆیان، یان هەڵاتنیان.

كامپی هۆل بووەتە پرسێكی گرنگی نێودەوڵەتی، بەتایبەت دوای ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە گۆڕینی ئەركە بنەڕەتییەكەی بۆ “خەلافەتێكی بچوكی داعش” و شوێنی چاودێریكردنی ژنە سەركردە توندڕەوە ئایدۆلۆژییەكانی ڕێكخراوەكە.

بابەتی پێشتر

زیندانیكراوێك و هاوژینەكەی لەسەر یەکلانەبوونەوەی دۆسیەكە هەڕەشەی خۆکوشتن دەکەن

بابەتی دواتر

مەلا بەختیار لە نزمی ئاکاری ڕۆژنامەگەری و درۆهەڵبەستن نیگەرانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share