تائێستا چارەنووسی سێ ئەندامەكەی خۆبەڕێوبەری و پەیەدە، كە لە هەولێر دەستگیركران، نادیارە، ئەندامێكی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، “پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ زانیارییەكمان پێنادات”، گومانیش دەكرێت ڕادەستی توركیا كرابێتنەوە.
فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “تاوەكو ئێستا تەنها ئەوە دەزانین سێ ئەندامەكەی خۆسەر و پەیەدە، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیركراون و لای ئاسایشی ئەو حزبەن، بەڵام خێزانی دەستگیركراوەكان و خەڵكی دیكە ڕۆیشتوون بۆ بینینیان و نەیانتوانیوە بیانبینن، پارتی هیچ زانیارییەكی نوێی لەبارەی چارەنووسیانەوە پێڕانگەیاندوین”.
وتیشی، “چەند جارێك داوای ڕوونكردنەوەمان لە پارتی كردووە، بۆچی ئەوكەسانەی دەستگیركراون و تۆمەتیان چیە و بۆچی ئازادناكرێن؟ بەڵام هیچ ڕوونكردنەوەیان پێنەداوین، بۆیە ئێمە داوا لە پارتی دەكەین بەزووترین كات چارەنووسیان دیاریبكات، یان ئازادیان بكات”.
ئەمڕۆ نورشان حسێن ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان بە میدیاكانی پەكەكەی ڕاگەیاندبوو، “پێدەچێت ئەندامە ڕفێندراوەکانی پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری، لەلایەن پارتییەوە ڕادەستی تورکیا کرابن”، بەڵام فەتحوڵا حوسێنی ئەو ئەگەرە بەدووردەزانێت و دەڵێت، “ئێمە پێشبینی ئەوە ناكەین پارتی ئەوانی ڕادەستی توركیا كردبێت، چونكە ئەو سێ كەسە كاری سیاسی و دیپلۆماسی دەكەن لە هەولێر و لای پارتیش ناسراون”.
گومان هەبوو دەستگیركردنی ئەو ئەندامانەی پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری لەلایەن پارتییەوە كاریگەریی لەسەر گفتوگۆی كورد – كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان هەبێت، بەڵام فەتحوڵا حوسێنی جەختی لەوەكردەوە، “گفتوگۆی كوردی – كوردی پرسێكی جیاوازترە، دانوستانەكە لەنێوان دوو لایەنی كوردییە و ئەو پرسە هۆكارنەبووە بۆ ڕاگرتنی دانوستانەكان و پرسێكە پەیوەستە بە ئایندەی پێگەی كوردی سوریا و نێوماڵی كورد”.
بەڵام نیگەران بوو لەوەی، “ئەمەی پارتی دەیكات نامەیەكە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، كە خەڵكی دەستگیردەكەن و چارەنووسیشیان نادیاردەكەن، كە هەمووی بۆ هەڵكشانی كێشەكانە”.
دەشڵێت، “ئێمە ئەزموونێكمان دروستكردووە دەبێت پارتی هاوكاربێت، نەك لەمپەرمان بۆ دروستبكات، ئێمە دژایەتی پارتی ناكەین”.