یانەی ڕۆمای ئیتاڵی لە گواستنەوەی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، روی پاتریسیۆ نزیکبووەتەوە و سەرچاوەکان ئاماژە بە ڕێککەوتنی نێوان جەمسەرەکان دەکەن.
ڕۆژنامەی کۆرێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، لە دوای ئالیسۆن بیکەر-ەوە یانەی ڕۆما خاوەنی گۆڵپارێزێکی بەتوانا نەبووە تاوەکو پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی یانەکە بکات، بۆیە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە، تیاگۆ پینتۆ لەسەر ڕاسپاردەی جوزێ مۆرینیۆ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ڕوی پاتریسیۆ دەستپێکردووە.
بەپێی سەرچاوەکە، پاتریسیۆ جانتای کەلوپەلەکانیشی ئامادەکردووە و دەتوانێت لەدوای پشووی یورۆ ڕاستەوخۆ سەردانی شاری ڕۆما بکات و جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە بۆ یانەی وڵڤەرهامپتن.
بەرامبەر گۆڵپارێزەکە، ئیدارەی وڵڤەرهامپتن داوای 11 ملیۆن یورۆ و سێ ملیۆنی دیکە زیادەی کردووە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرانی جێلاڕۆسی 10 ملیۆن و سیانی زیادەیان پێشکەشکردووە.
کاروبارەکانی پاتریسیۆ لەلایەن خۆرخی مێندێزەوە بەڕێوەدەبرێت و سەرچاوەکە پێیوایە بۆندەکە لەلایەن ئەم کەسایەتییەوە یەکلاییبووەتەوە، هەروەها لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆندەکەی بەفەرمی ئاشکرادەکرێت.