سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژوویکرد لەسەر دەستبەکاربوونی سێ دادوەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە لە هەولێر و دهۆک.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، فەرمانى دامەزراندنى سێ دادوەرى بۆ سێ پۆستى دادوەرى لە هەرێمى کوردستان واژۆ کردووە کە بریتین لە دادوەر مەسعوود خدر مەحموود، بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر، دادوەر غازى خەلیل تایە، بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى دهۆک و دادوەر دارا محەمەد ئیبراهیم بۆ پۆستى جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر.
لە ڕێوڕەسمێکدا، کە دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن. سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى بەوەکالەت، هەرسێ دادوەرەکە سوێندى یاسایییان لەبەردەم سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا خوارد.
گۆڕانکاری لە پۆستەکانی دادگای تێهەڵچوونەوە لە هەولێر و دهۆک، لە کاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین قسە و باس لەسەر دادگاکانی هەردوو پارێزگاکە کراوە، ناڕاستەوخۆ واباسکراون لە پرسی دادگایکردنی سزادراوانی بادیناندا زیاتر هەژموونی حزبی بەسەر بڕیاری دادگاکەوە دیاربووە.
بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری چوار ناوچەی تێهەڵچوونەوە لە هەرێمدا هەیە، کە بەپێی پارێزگاکان ناوچەی تێهەڵچوونەوە دیاریکراوە، لەگەڵ ئەوە ئەو دادگایە لە گشت دادگاکانی ئەو پارێزگایە پێکدێت.