لەسەر بەرزكردنەوەی یاداشتێك بۆ لایەنی فەرمی حكومەت، كۆمپانیایەك داوایەكی یاسایی لەسەر دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تۆماردەكات و داوای 300 ملیۆن دینار قەرەبوو دەكات، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، كارێكی پەیڕەوییان كردووە بەبێ ناوزڕاندن و بەبێ بڵاوبوونەوەی لە میدیادا.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، وەك پەرلەمانتار بۆمان هەیە پرسیار و یاداشت ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكەین وەكو ئەركێكی چاودێری”.
وتیشی، “لەماوەی ساڵی ڕابردوودا یاداشتێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە لەسەر كۆمەڵێك كەموكوڕی، تا بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەندیدار، ئەو یاداشتە خراوەتە بەردەست یەكێك لە كۆمپانیاكان و لەسەر ئەو بنەمایە داوامان لەسەر تۆماركراوە”.
سكاڵاكە لەلایەن كۆمپانیای بەڕێزەوە لەسەر هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد تۆماركراوە بە تۆمەتی ناوزڕاندن، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، كارێكی پەیڕەوییان كردووە بەبێ ناوزڕاندن و بەبێ بڵاوبوونەوەی لە میدیادا، بەڵام داوایەكیان لەسەر تۆماركراوە و داوای 300 ملیۆن دیناریان كردووە.
ڕونیشیكردەوە، لە 9ی ئەم مانگە لەبارەی داواكەوە ئاگاداركراونەتەوە، لەكاتێكدا سێ ڕۆژ بەر لەوە و لە 6ی حوزەیران بەبێ ئاگاداری ئەوان و ئامادەبوونی خۆیان یان پارێزەرانیان دانیشتنی دادگا بەڕێوەچووە و 30 ملیۆن دیناریان لەسەر فەرز كراوە.
پەرلەمانتارەكە ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتی پەرلەمان دادگا ئاگاداربكاتەوە بۆ ئەوەی دۆسیەكە دابخرێت. لەگەڵ ئەوەشدا دوپاتیكردەوە، “ئەگەر سووربن لەسەری، ئەوەی وتومانە بە بەڵگە و زانیاری قسەمان كردووە و بەزیادەوە بە بەڵگە دەیسەلمێنین”. ئاماژەی بەوەشكرد، “بەڵام داواكە پوچەڵە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە”.
پێشتریش لەلایەن بەرپرسێكی دەروازەی سنووری باشماخ-یش داوایەكی یاسایی لەسەر هەردوو پەرلەمانتار تۆماركرا، دابان محەمەد وتی، سەردانی دادگایان كردووە و وتەیان لێوەرگیراوە و ئامادەبوون بۆ ئەوەی بەڵگەكان بخەنەڕوو، بەڵام ئەوەندەی زانیارییان هەبێت سكاڵاكار سازشی لە داواكە كردووە، بەڵام بەهۆی مافی گشتییەوە دۆسیەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.