بەپێی نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەرپرسێكی كورد پۆستی بریكاری وەزیری لە وەزارەتی كارەبای عێراق پێدراوە.
نوسراوەكەی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 1854 لە 24ی ئەم مانگە دەرچووە و تیایدا بڕیاردراوە بە گواستنەوەی عادل كەریم كاك ئەحمەد لە بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانەوە بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبا بۆ كاروباری بەرهەمهێنان.
دوابەدوای گواستنەوە و وەرگرتنی پۆستەكەشیەوە، ئەمڕۆ لەلایەن ماجد ئیمارە، وەزیری كارەباوە بە فەرمانێكی وەزاری سەرجەم دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانی لە كاتی ئامادەنەبوونی وەزیردا پێدراوە .
عادل كەریم ئەحمەد كەسایەتییەكی كوردە و پێشتر چەندین پلە و پۆستی ئیداری لە دامودەزگاكانی حكومەتی ناوەند پێدراوە.
پێشتریش لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە بۆ چەند پۆستێكی وەزاری كاندید كراوە.