کونسوڵخانەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی سەر پیرمام ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە”.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات، کە ڕۆژی شەممە لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، ئەم هێرشە ئاماژەیەکی ڕوونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەریی عێراق”.
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر پیرمام لە نزیک هەولێر، بەڵام بەهۆی پەرتەوازەیی هێرشەکان و بەرپەرچدانەوەی، نازانرێت بە دیاریکراوی ئامانجی هێرشەکان کوێ بوون.
تا ئێستا چوار جار لە خاکی عێراقەوە هێرشکراوەتە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و دووجار بە موشەک و دووجار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر چەند شوێنێک لە هەولێر.