بەشێک لە میدیاکانی ئێران بەشێوەیەک باس لە هێرشەکەی بەیانی ئەمڕۆی نزیک هەولێر دەکەن، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر پیرمام و یەکێک لە تەقینەوەکان لە نزیک هۆتێل خانزاد بووە.
بەپێی زانیاریی میدیا ئێرانییەکان، “هەوڵدراوە بەرپەرچی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بدرێتەوە و دوو لە تەقینەوەکان لە نزیک دوو گوند ڕوویانداوە، کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیی نەبووە”.
هێرشەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 3:00 ئەنجامدراوە و بەهۆی پەرتەوازەیی کەوتنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تەقینەوەکان، نازانرێت بە دیاریکراوی ئامانجی هێرشەکان کوێ بووە.
سەرچاوە ئێرانییەکان دەڵێن، ئامانجی هێرشەکە کونسوڵخانەی ئەمریکا بووە لە هەولێر، ئەم زانیارییە لە کاتێکدایە کە تەنها بینای نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەسەر ڕێگەی پیرمامە و لە ئێستادا کاروبارەکانی کونسوڵخانەکە لە ناو هەولێردا بەڕێدەکرێت.
بەشێک لە شایەتحاڵان لە نزیک ڕووداوەکە ئاماژە بەوەدەکەن، کە کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لەو ناوچەیە بیستراوە.