ئێران وەڵامی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەداتەوە لەبارەی كەمیی كات بۆ دووبارە كاراكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و داوای لابردنی سزاكان دەكات، بەڵام نێردەی ئەمریكا بۆ ئێران دووپاتیدەكاتەوە، بە لابردنی تەواوی سزاكان ڕازینابن.
دوای ئەوەی هەریەكە لە ئەمریكا و فەرەنسا لەبارەی پرسی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی پەیامی ئەوەیان بە تاران دا، كە كات لەبەردەم ئەو وڵاتەدا بۆ كاراكردنەوەكە و گفتوگۆكان كراوە نییە، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پاریس و واشنتۆنی دایەوە و ڕایگەیاند، “ئێران لە ڕێككەوتنەكە نەكشاوەتەوە تا دووبارە بگەڕێتەوە، ئەوە ئەمریكایە كە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنەكە لەڕێگەی لابردنی سزاكان و جێبەجێكردنی پابەندییەكانی.
خەتیبزادە ئەگەری سەركەوتنی گفتوگۆكانی ڤیەنناشی بەستووەتەوە بە پابەندبوونی ئەمریكا بە بەرپرسیارێتییەكانی لە چوارچێوەی ریككەوتنی ئەتۆمی و “بەكارنەهێنانی سزاكان وەك ئامرازێكی فشار”.
دوێنێ لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەریەكە لە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرەنسا هۆشداریی ئەوەیان بە ئێران دا، كە كات لەبەردەم زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی كراوە نییە و خەریكە كۆتایی دێت.
لای خۆیەوە ڕۆبەرت مالی نێردەی ئەمریكا بۆ ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا قسەی لەبارەی ئەگەری سزاكانی سەر تاران كردووە، دووپاتیكردووەتەوە، “واشنتۆن بە لابردنی تەواوی سزاكانی سەر ئێران ڕازینابێت”، لەكاتێكدا چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاند، لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی ڤیەننا، ئەمریكا ڕازیبووە تەواوی سزا نەوتییەكانی سەر ئێران هەڵبگرێت.