ئیدارەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له ڕۆژئاوای كوردستان له سبەینێ چوارشەممەوە ده‌روازه‌ی سنووریی سێمالكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان داده‌خات، بڕیارەكە كاردانەوەیە بەرامبەر مامەڵەی “پارتی” لە دەروازەی فیشخاپوور.
ئیدارەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەهۆی بڕیاری دەسەڵاتدارانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە” كە دەروازی فیشخاپوریان داخستووە، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسان ئاگادار دەكەینەوە لە سبەینێ چوارشەممەوە ده‌روازه‌ی سنووریی سێمالكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان داده‌خەین”.
بەپێی بڕیارەكە، تەنها ڕێگە بەو كەسانە دەدرێت هاتووچۆ بكەن، كە بیانین و دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستانەوە بچنە ڕۆژئاوای كوردستانەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆكارەكەشی وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ “هه‌ڵسوكه‌وت و بڕیاره قورسه‌كانی ئیداره‌ی ده‌روازه‌ی فیشخاپوور له‌لایه‌ن دەسەڵاتدارانی پارتی” گەڕاندووەتەوە.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “لە دەروازەی فیشخاپوورەوە ڕێگری له تیمه‌كانی ته‌ندروستی و نەخۆشان و گەشتیارانیش كراوە بچنه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه، هەروەها بۆ ماوەی 48 كاتژمێر ڕایانگرتوون و داوای زانیاری‌یان لێكردوون”.
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوای كوردستان داواشیكردوه، “هه‌رێمی كوردستان به بڕیاره‌كانی بچێته‌وه، چونكە بڕیارێكی نابهرپرسانهیە و جێگای قبوڵكردن نیە”.
پێشتر ده‌روازه‌ی فیشخاپوور لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە ژماره‌یه‌ك ڕێكاری نوێی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه گرته‌به‌ر، كه له ڕۆژئاوای كوردستانەوە دێنه هه‌رێمی كوردستان، له‌وانه‌ش ناردنی پێشوه‌ختی زانیاری له‌سه‌ریان و وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی یاخود ڕه‌تكردنه‌وه‌یان له ماوه‌ی 48 كاتژمێردا، به‌ر له‌سه‌ردانیكردنی هه‌رێم، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش ئەو بڕیار و داواكارییانە بە “زۆر قورس” وەسفدەكات.