جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا و ئەڵمانیا داوای ئازادكردنی بێمەرجی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانیان كردووە.
دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لەمیانەی بەشدارییكردنی لەبەرنامەی “میوانی ئێستا” لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستادا لەبارەی چەند پرسێكی جیاجیاوە دوا و لەبارەی بڕیاری سزادانی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان وتی “بڕیارەكە پەلەكردنی پێوەدیاربوو، دەكرا بەشێوەی دیكە چارەسەر بكرێت، ئەڵمانیا و ئەمریكا پێویستیان بە چالاكوان نیە سیخوڕییان بۆ بكات ئەوان خۆیان لێرەن و كونسوڵخانە و سەربازییان لە هەرێم هەیە”.
وتیشی، “ئەو بڕیارەی دادگا بۆ ناوبانگی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان خراپە و دەبێت چارەسەرێكی خێرای بۆ بدۆزرێتەوە، وڵاتانی ئەمریكا و ئەڵمانیاش جەخت لەئازاد كردنی بێمەرجی ئەو چالاكوانانە دەكەن”.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ئاشكراشیكرد،” لەئێستادا سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە هەوڵان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی ئەو كەیسە”.
لەبارەی گرژییەكانی توركیا و پەكەكەش لەخاكی هەرێمدا دەڵێت، “هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ڕوبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە و توركیا و پەكەكەش غەدر لە هەرێم دەكەن”.
پێشیوایە، “دەبێت پەكەكە هەستیاری دۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاوبگرێت، چونكە مەیدانی كاروباری سیاسی ئەوان لە توركیایە و پێویستە ئەو كێشانە نەهێنرێنە هەرێمی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “هەرێمی كوردستان ڕوبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، لەوانەش قەیرانی دارایی و سیاسی، بۆیە چارەسەركردنی كێشەی نێوان پەكەكە و توركیا بە هەرێم ناكرێت، هەروەها چارەسەركردنەكەی بە بەیاننامە و وتار نوسین ناكرێت، بەڵكو چارەسەری سیاسی بنەڕەتی پێویستە”.
لەبارەی بەزاندنی سنوورەكانی هەرێم لەلایەن توركیاوە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، “ئەو سنوور بەزاندنانە زیانی بەهەرێمی كوردستان گەیاندووە و وادەكات سەقامگیری سیاسی نەبێت، ئێمە ناڕەزاییەكانی خۆمان گەیاندووەتە باڵیۆزخانەی توركیا ئەوانیش دەڵێن هۆكارەكەی پەكەكەیە”.
دەربارەی بڕینەوەی داری دارستانەكانی هەرێمش، دابان شەدەڵە جەختی لەوەكردەوە، “بڕینەوەی دارستانەكان لەلایەن توركیاوە ڕاوەستاوە، وەكو فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش نیگەرانییەكانی خۆمان گەیاندە باڵیۆزخانەی توركیا و پێمان وتوون ئەوە دیاردەیەكی نەشیاوە بەرامبەر سروشتی كوردستان دەكرێت و قابیلی قبوڵكردن نیە”.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان چۆنە كە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە ئاڵۆزیی تێكەوتبوو، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “پەیوەندییەكانی هەرێم بەرەو باشتربوون دەچێت لەگەڵ وڵاتان، چونكە پێشتر بەهۆی ڕیفراندۆمەوە كاریگەری نەرێنی دروستكردبوو”.