عودەی عەواد، سەركردە لە عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەو بڕگەیەی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە باش و گونجاو ناوزەد دەكات كە فرەبازنەیی لە هەڵبژاردندا پەیڕەوبكرێت و پێیوایە زۆر كێشەی سیاسی چارەسەر دەكات، ڕەخنەش لە فراكسیۆنەكەی مالكی دەگرێت و دەڵێت، “لە ترسی لەدەستدانی كورسییەكانیان، كێشە بۆ پەسەندكردنی ئەو بڕگەیە دروستدەكەن.”
لە لێدوانێكیدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا”، عودەی عەواد ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “ناكۆكی هەیە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە و زیاتر لە هەفتەیەكە دوای دەخەن. لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، هاوڵاتییان بەهۆی نیگەرانییان لە پرۆسەی سیاسی، بە ڕێژەیەكی كەم بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد و ڕێژەی دەنگدان نزم بوو، بەڵام فرە بازنەیی كە ئێستا لە پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا هەوڵی بۆ دەدرێت، چارەسەرە بۆ ناڕەزایی هاوڵاتیان و كەمیی ڕێژەی دەنگدان.”
عودەی عەواد كە ئەندامی فراكسیۆنی “سادقون” باڵی سیاسیی عەسائیب-ـە، لە بەسڕەوە لێدوانی بۆ “ئێستا” دا و وتی، “هەندێك لایەن و فراكسیۆن لەوانە دەوڵەتی یاسا و ئەوانەی سەر بە حزبی دەعوە-ن، ئاستەنگ بۆ پەسەندكردنی ئەو بڕگەیە دروست دەكەن، چونكە ترسیان هەیە لەوەی پەیڕەوكردنی فرەبازنەیی، قەوارەكانیان بچووكبكاتەوە و ژمارەی كورسییەكانیان كەمببنەوە.”