ئەدهەم بارزانی: لەسەر داگیرکاریی هەرێم بۆچوونم نەگۆڕاوە و دەگەڕێمەوە

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بۆچوونی نەگۆڕاوە لەسەر داگیرکاری هەرێم لەلایەن تورکیاوە و بەو نزیکانەش دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

ئەدهەم بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” ئەوەی من باسم لێکردووە و ھەلوێست و بۆچونەکانم گۆڕانکارییەکیان بە سەردا نەھاتووە و ئەوەی داکۆکی لێ دەکەمەوە ئەوەیە، کە لای من پرسی پارێزگاری لە نیشتمان و هەڵوێستی دژە داگیرکاری، بڕیاری هەمیشەیین و من بەردەوام لەسەر ئەو هەڵوێستە دەمێنمەوە و هەرگیز لەو هەڵوێستە نشتمانیانە پاشەکشە ناکەم “.

لەبارەی جێهشتنی هەرێم و گەڕانەوەی ئەدهەم بارزانی دەڵێت، ” دوای ئەوەی بە مەبەستی سەفەر و ھەندێک چارەسەری پزیشکی بۆ ماوەیەک لەدەرەوەی کوردستان بووم ئێستا بە لوتفی پەروەردگاری مەزن باشم بەرەو وڵات و خاکی پیرۆزی نیشتمان لە ماوەیەکی کەم دا دەگەڕێمەوە”.

ئەدهەم بارزانی زیادیکردووە، ” ئەو سەفەرە، لە راگەیاندنی کوردستان و دەرەوەشدا کۆمەڵێک دەنگۆی زۆر و راو بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاوازی لێکەوتەوە،  بە ھۆی ھەلوێستەکانم لە مەڕ داگیرکردنی خاکی کوردستانی وڵاتمان ، ئێستاش ئێوەی خۆشەویست دڵنیا دەکەمەوە، کە کوردستان وارگەی پیرۆزی منە و تەنانەت مردنیش من و وڵات لەیەک دوور ناخاتەوە”.

ئەدهەم بارزانی، یەکەم ئەندامی بارزانییەکانە کە بۆچوونی لەسەر هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێم جیاوازە و پێشتریش دژی ئەو لەشکرکێشییە چەندین وتاری هەبووە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جێهێشتنی کوردستان “لەژێر فشاردا” ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند، ئەو بۆ چارەسەری نەخۆشی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و دەگەڕێتەوە.

بابەتی پێشتر

کەشناسی هەرێم لەبارەی شەپۆلێکی گەرماوە هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بابەتی دواتر

نازم دەباغ: ئیبراهیم رەئیسی چانسی زیاتری هەیە ببێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share