“ئەندامانی شاندی ئاشتی گەڕانەوە ئەڵمانیا”

بەشێك لە ئەندامانی شاندەكە

گروپێك لەو شاندەی بەمەبەستی پشتیوانیی ئاشتی و دژ بە شەڕ ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو بەهۆی ڕێگری لە چالاكییەكانیان گەڕانەوە ئەڵمانیا و گروپی دووەمیشیان هەر ئەمشەو دەگەنەوە ئەو وڵاتە.

یەكەمین گروپی چالاكوانانی شاندی ئاشتی كە بۆ چاودێریكردنی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان و پشتیوانیكردنی ئاشتی و دژ بە شەڕ سەردانی هەولێریان كردبوو، دوای ڕێگرییەكان لە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لەو شارە گەڕانەوە ئەڵمانیا، وەك ئەوەی سایتی فراتنیوز (ANF) بڵاویكردوەتەوە.

دەشڵێت، گروپی دووەمی شاندەكەش بڕیارە ئەمشەو بگاتەوە فڕۆكەخانەی دۆسڵدۆرف.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە شاری هەولێر کەمپەینی دەستپێشخەرانی نێودەوڵەتی بۆ بەرگری لە کوردستان دژی هێرش و داگیرکارییەكانی تورکیا ڕاگەیەندرا، كە بەشدارانی كەمپەینەكە، جگە لە كورد، نەتەوەی دیكەشیان تیدایە.

بڕیاربوو كەمپەینەكە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ڕابگەیەندرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان كرد، ناچار بەشدارانی كەمپەینەكە لەناو ئەو هۆتێلەی دەمێننەوە و دەستبەسەربوون تیایدا، كەمپەینەكەیان ڕاگەیاند.

كەمپەینەكە بەچەند زمانێكی جیاواز و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندرا، جگە لە ڕەخنەگرتنیان لە ڕێگریی هێزە ئەمنییەكان، ئاشكرایانكرد، ژمارەیان 150 کەسە، بەڵام بەهۆی ڕێگری و دیپۆرتکردنیانەوە، تەنها 70 کەس توانیویانە کۆببنەوە بۆ ڕاگەیاندنی کەمپەینەکە، هیواشیان خواست خەڵكی زیاتر بەشداریی كەمپەینەكە بكەن و فراوانتر بێت.

لەبارەی ئامانجی كەمپەینەكەشەوە وتیان، “گەیاندنی دەنگی کورد و کۆکردنەوەی دەنگ و پشتیوانیی زیاترە بۆ کوردان و پاراستنی خاکی کوردستانە لە داگیرکاریی تورکیا، هەروەها شکاندنی بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپایە بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە”.

بڕیاربوو بەشدارانی كەمپەینەكە سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، کە شەڕ و هێرشی توركیای لەسەرە و زیانیان بەركەوتووە، بشچنە ئەو گوندانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە چۆڵکراون.

وۆڵف مایەر، ئەندامی شاندی ئاشتی ڕایگەیاند، ڕێوشوێنەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان شایەتی پەیوەندی نێودەوڵەتی فەرمی نییە، نەك دیموكراسیەتی مەدەنی بەڵكو دیكتاتۆرییەتی توركیامان بەبیردەهێنێتەوە.

ئەوەشی وت، “دەستبەسەركردن و ڕەوانەكردنەوەمان بە پشتیوان و ڕەزامەندی حكومەتی ئەڵمانی بووە، داوای ئازادكردنی سەرجەم دەستبەسەركراوان و فەراهەمكردنی مافی خۆپیشاندان و ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنە هاوبەشەكان دەكەین”.

بابەتی پێشتر

ڕێواز فایەق: پرۆژە یاسای  دادگای تایبەتمەند بە ئەندامانی داعش چەندین ڕەهەندی نێودەوڵەتیی هەیە

بابەتی دواتر

جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەستپێدەكات.. بەغداد مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share