وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، بڕی بەشەخۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییانی دیارکرد.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خۆراکی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵ، کە ئاراستەی لقی بەڕێوەبەرایەتیەکانی خۆراک کراوە، ڕایانگەیاندووە، ئامادەکاری بکەین بۆ وەرگرتنی ئەو بەشەخۆراکانەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت”.
بەڕێوەبەرە گشتییەكە ڕونیشیكردووەتەوە، “لەمەودوا بەشەخۆراک بۆ هەر کەسێک بەمشێوەی لای خوارەوە دابەشدەکرێت لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، (برنج سێ کیلۆ گرام، شەكر یەك كیلۆ گرام، زەیت یەک لتر، دۆشاوی تەماتە 400 گرام، پاقلەمەنییەكانیش وەكو فاسۆلیا، نیسك و نۆك یەك كیلۆ گرام، ئارد نۆ كیلۆ گرام).
پێشتر بەشەخۆراكی هاوڵاتییان دۆشاوی تەماتە و بەشێك لە پاقلەمەنییەكانی تێدا نەبوو، بەڵام بۆ لەمەودوا دابەشدەكرێن.