سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەردانەكەیان بۆ ناوچە سنوورییەكان چاویان بە پێشێلكاری زۆری سوپای توركیا كەوتووە و پێویستە سەربازی زیاتر بنێردرێتە ناوچە سنوورییەكان.
محەمەد ڕەزا ئال حەیدەر، سەرۆكی لیژنەكە، كە بەسەردانێك لەگەڵ شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگای دهۆكن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، بە یاوەری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گەیشتوونەتە شاری دهۆک و سەردانی زاخۆشیان کردووە، ئامانجیشیانە تادوایین خاڵی سنووریی نێوان عێراق و توركیا بڕۆن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەسەردانكەیان بۆ ئەو ناوچانە چاویان بەچەندین پێشێلکاری و دەستدرێژی سوپای تورکیا كەوتووە، دۆخەکە مەترسیدارە و ئەو خاڵی یەکتربڕەی نێوان پەكەكە و پێشمەرگە پێویستی بەپاڵپشتی و بوونی هێڵێکی بەرپەرچدانەوەی سوپای عێراق بەڕووی سوپای تورکیادا هەیە، بۆ ئەوەش پێوستە هێزی زیاتر لەو ناوچانە دابنرێت.
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسیلەوەشكردووە، سەردانەکەیان بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری بووە، تا لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە ئەمنیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن ئەنجامبدەن و دواتر ڕاسپاردەی خۆیان بەخاڵ ئاڕاستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن، لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە.
لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەكەی ناحیەی دەركاریش، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران ڕونیكردووەتەوە، “لە سەرچاوەیەكی نادیارەوە پێشمەرگەكە بەقەناس شەهیدكراوە، نازانین توركیا بووە یان پەكەكە”.