عێراق: نزیکین لە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ پاراستنی مافە ئاوییەکانمان

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی تورکیا نزیکبوونەتەوە لە واژووکردنی ڕێککەوتنێک کە تێیدا مافەکانی عێراق لە سەرچاوە ئاوییەکاندا پارێزراوە، دوای ئەوەی دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا زیانی گەورەی پێگەیاندووە.

ئەندازیار عەلی ڕازی، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە جاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ڕێژەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە لە دوای مانگی نیسانەوە و چاوەڕێدەکرێت تا سەرەتای مانگی تەموزیش بگاتە نیوەی %50ی ئاستی هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ئاو ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بۆ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبارانی لەمساڵدا دەگەڕێتەوە، هەروەها هۆکارە هونەرییەکانی دیکەی وەک دروستکردنی بەنداوەکان لە وڵاتانی دەروربەری وەکو تورکیا و ئێران بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ عێراق.

عەلی ڕازی گەشبینی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتی تورکیا خستەڕوو و وتی، “دانوستانەکانمان لە قۆناغەکانی کۆتاییدان، هیوامان وایە بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەیەکی نزیکدا”، جەختیکردەوە کە عێراق سورە لەسەر مافە مێژووییەکانی کە دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا کاریگەری کردووەتەسەر.

لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەردانی ئێران بکات سەبارەت بە مافە ئاوییەکانی عێراق کە ئێرانیش پشکێکی لە کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقدا هەیە.

لە مانگی ئازاری ڕابردوودا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆشداریدا لە کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بەبڕی 11 ملیار مەتر سێجا تا ساڵی 2035 ئەگەر لەگەڵ تورکیا و سوریا و ئێران نەگەنە ڕێککەوتن سەبارەت بە دروستکردنی بەنداوەکان لەو وڵاتانە.

ڕۆژی شەممەش بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند پێویستە لەگەڵ هەریەکە لە تورکیا، ئێران و سوریا گفتوگۆی ڕاشکاوانە سەبارەت بە سەرچاوە ئاوییەکان بکرێت لەبارەی دورستکردنی بەنداوەکان لەو وڵاتانە، کە کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە عێراق هەبووە.

بابەتی پێشتر

تیمێکی هاوبەشی بەغداد و هەرێم بۆ وردبینیکردنی داهاتەکانی هەرێم پێکدەهێنرێت

بابەتی دواتر

هۆکاری لە کارکەوتنی بەشێک لە سایتە گەورە جیهانییەکان چی بوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share