وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی دیکەی لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر هێزی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و داوا دەکات حکومەتی عێراق ڕێگری لە لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بکات و داوا لە پەکەکەش دەکات ڕێز لە سەروەریی خاکی کوردستان بگرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، “لە لە چیای مەتین ـ سنووری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەر و لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون”.
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەخێرایی بێتە سەر خەت و ڕێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگرێت.
داواش لە پەکەکە دەکات رێز لە سنوور و سەروەریی خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە هێرشەکەدا پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، جەختدەکاتەوە کە وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.
دەڵێت، “ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە ڕابگرێت”.