دیار نییە پەرلەمانی كوردستان كەی دەست بە هەنگاوەكانی نوسینەوەی دەستور دەكات

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێشتا هیچ كاتێك دیارنییە بۆ نوسینەوەی دەستور و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی پەرلەمان، بەو پێیەی جگە لە ڕەهەندە یاساییەكەی، ڕەهەندێكی سیاسیشی هەیە و پرسەكە پەیوەندیی بە لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا، پارتی، یەكێتی و گۆڕان بۆچوونی خۆیان لەبارەی دەستورەوە داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لەئێستادا پرۆژەی نوسینەوەی دەستور، لە پەرلەمانی كوردستانەوە پێشنیازكراوە بۆ لایەنە سیاسییەكان، سەرۆكایەتیی هەرێم و لایەنەكانیش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان لەگەڵ یەكتری كردووە، فراكسیۆنەكانیش داوای ڕا و سەرنجیان كردووە بنێردرێنە پەرلەمان، ئەوكات، كە هەموو لایەنەكان لەسەر بابەتێك كۆكبوون، پەرلەمان لیژنەیەكی نوێ دیاریی دەكات”.

“كات دیار نیە بۆ نوسینەوەی دەستور و پەیوەندیی بە لایەنە سیاسییەكانەوە هەیە”

عەباس فەتاح دەڵێت، هەنگاوەكەیان بۆ ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەندێك بابەت و بڕگەی تایبەت بە سیستمی سیاسی و وڵات و هەندێك سەرچاوەی یاسادانان ڕێكبكەون، بۆ ئەوەی ڕێگری دروستنەبێت لە نوسینەوەی دەستوردا.

دەربارەی ئەوەی كە پەرلەمان دەتوانێت بەتەنها هەنگاوەكانی نوسینەوەی دەستور دەستپێبكات، ناوبراو پێیوایە، “دەستور بابەتێكە ڕەهەندی سیاسی و یاسایی هەیە، بۆیە ناكرێت لایەنە یاساییەكەی بنێیت و سیاسییەكەی پەراوێزبخەیت، ئەوەش بۆشایی دروستدەكات و پرۆژەكە لەبار دەبات، نامانەوێت پەلەی لێبكەین و بكرێتە بابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەگەر هەر لەپەرلەمان بێت، دەتوانین كارەكە بەزوویی ڕاپەڕێنین و ئەم دەستورە لەدایكبێت”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لایەنە سیاسییەكان پرۆژەی خۆیان لەبارەی دەستور ناردووەتە لیژنەكەیان؟ جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕونیكردەوە، “جارێكە نایەتە لیژنەی یاسایی، بەڵكو دەچێتە لای دەستەی سەرۆكایەتی”.

چەند لایەن بۆچوونەكانیان لەبارەی دەستورەوە ناردووەتە پەرلەمان؟

تا ئێستا 12 حزب و لایەنی سیاسی، ڕا و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دەستوری هەرێمی كوردستانەوە ناردووە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان) لەو لایەنانەن، هێشتا كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی، وەك دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن، بۆچوونەكانیان نەناردووەتە پەرلەمان.

سەبارەت بەوەی یەكێتی لەگەڵ چ سیستمێكی سیاسییە لە دەستوردا، عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتییە دەڵێت، “من پێموایە، ئەگەر لایەنەكان دابنیشن و گفتوگۆ بكەن، نوسینەوەی دەستور نابێتە ڕێگر و كێشەی بەردەم سیستم، هێشتا یەكێتی بەدیاریكراوی باسی سیستمی سیاسیی نەكردووە لەدەستوردا، بەڵام دەكرێت بۆچوونی وا هەبێت سیستمێكی پەرلەمانی بێت و سەرۆك لەناو پەرلەمان، یان خەڵك هەڵبژێردرێت”.

ڕاشیدەگەیەنێت، “هەردووكیان سیستمی پەرلەمانین، هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەمان یان لەنێو خەڵكەوە بێت بابەتێكی زۆر گرنگ نابێت”.

لەبارەی خاڵە ناكۆكەكانی سەر دەستوریش، جێگری لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، “چەند خاڵێك هەن ناكۆكییان لەسەر هەبێت، بابەتی گشتین و هێشتا نەهاتووینەتە سەر بابەتەكە بۆ ئەوەی خاڵە ناكۆكەكان دەركەوێت، هێشتا تەنها باس لەوەكراوە دەستور بنوسینەوە، هیچ دانیشتنێك نەكراوە خاڵی ناكۆك بەزەقی دەركەوێت”.

“پێشبینی بۆ هەموو دونیا بكەیت، بۆ هەرێمی كوردستان ئاسان نییە، بە شەو و ڕۆژێك لایەنە سیاسییەكان لەوپەڕی كۆكەوە ناكۆك دەبن، بۆیە پێشبینیكردن ئاسان نییە و لەسەر شتی بچووك بیانوو بەیەك دەگرن”، پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وایگوت.

گۆڕان چ سیستمێكی سیاسیی دەوێت؟

پێشتریش جەلال محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی یاسایییە لە پەرلەمانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سێشەممە بزوتنەوەی گۆڕان بۆچونی خۆی لەبارەی میكانیزم و شێوەی كاركردن لەدەستور ناردووەتە پەرلەمانی كوردستان، بزوتنەوەكە سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت سیستمی سیاسی پەرلەمانی بێت.

بەوەتەی پەرلەمانتارەكە، گۆڕان میكانیزم و شێوەی نوسینی پرۆژەی دەستوری بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناردووە و تیایدا جەختی لەوەكردووەتەوە، كە دەبێـت دەستورێك بێت لەگەڵ خواستی لایەنە سیاسییەكان یەكبگرێتەوە، بەشێوازێك ببێتە ناسنامەی سیستمێكی پەرلەمانیی گونجاو لەگەڵ ئێستا و داهاتووی كوردستاندا.

لەبارەی ئەوەی كەی هەنگاوەكانی نوسینەوەی دەستور دەستپێدەكات، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی دەڵێت، “هەنگاوەكان لەپەرلەمانەوە هێشتا زووە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی داوای لە لایەنە سیاسییەكان كردووە، بۆچون و خوێندنەوەیان، پێشكەشی پەرلەمان بكەن، ئەوەش بۆخۆی هەنگاوە”.

بابەتی پێشتر

سەمیر هەورامی: لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە

بابەتی دواتر

وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان یاخی دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share