بە بەشداریی هاوسەرۆكان یادی دامەزراندنی یەكێتی لەسەر مەزاری مام جەلال بەڕێوەچوو

بەشداریی بافڵ تاڵەبانی و ئامادەبوونی لەسەر مەزاری مام جەلال

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی، هاوسەرۆكانی حزبەكە و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی لەسەر مەزاری مام جەلال كۆبوونەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی 46ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕێوڕەسمێكی تایبەت لەسەر مەزاری مام جەلال سكرتێری گشتی و سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق بەڕێوەچوو.

هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتی بەشداری ڕێوڕەسمەكەیان كرد، هاوشانی بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە و دۆست و ئەندامانی حزبەكە.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاتوین بۆ ئەوەی پەیمانی خۆمان لەسەر مەزاری جەنابی مام جەلال تازەبكەینەوە، ئەمڕۆ ڕۆژێكی پیرۆزە لای ئێمە”.

ئەوەشی وت، 46 ساڵ پێش ئێستا یەكێتی لەسەر دەستی مام جەلال و ژمارەیەك لە سەركردەكان دروستبوو، لە ڕۆژگارێكدا دروستبوو كە نەهامەتی باڵی كێشابوو بەسەر كوردستاندا.

فەرماندەی هێزەكانی حەفتا داواشیكرد، “یەكێتی بچێتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی خۆی و ئەو كەموكوڕییانەی هەیە چارەسەریان بكەین، یەكڕیزی میلەتەكەمان و یەكڕیزی خەڵكی كوردستان بپارێزین”.

هاوكات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتی، هیوادارم یەكێتی هەروەكچۆن هەڵقوڵاوی ناو خەڵك بوو، هەروەها ببێتەوە بەو یەكێتییەی هەموومان ئاواتی بۆ دەخوازین.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی: هیچ حاڵەتێکی دیکەی کەڕووی ڕەش لە سلێمانی نییە و مەترسیشی نییە

بابەتی دواتر

كەجەكە: توركیا تەنیا بۆ داربڕین نەهاتووە، بۆ داگیركاری هاتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share