حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی لهبارهی بڕینهوهی داری ناوچه سنورییهكان لهلایهن توركیاوه بڵاوكردهوه و جەخت لەوەدەكاتەوە، به فهرمی ئاگاداری حكومهتی توركیای كردوهتهوه، كه كۆتایی به داربڕین لەو ناوچانە بهێنن، چونكە جێگای قبوڵكردن نیە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردوەتەوە، کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنورییەکان بهێنن، کە جێگەی قبوڵکردن نییە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕو پێکدادانی نێوان هەردوولا”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم داواش لە توركیا و پەكەكە دەكات، ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و چیتر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دووچاری نەهامەتی و ئاوارەیی وماڵوێرانی نەکەن.
لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەند وێنەیەک بڵاوكرانەوە و بەسترانەوە بە بڕینەوەی درەختەکان لە سنورەکانی هەرێم لەلایەن توركیاوە، بەهۆی ڕاکێشانی ڕێگاش لە باکووری کوردستانەوە بۆ سنورەکانی هەرێم، درەختێکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە بڕاونەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لەبارەی بڕینەوەی دارەکان لە سنوری هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیاوە، پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەڵێت، سوپای تورکیا ماوەیەکی زۆرە لە چیای جودی دارەکان دەبڕێتەوە.
لە سەر بڕینەوەی دارەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە، حوسەین کاچماز پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە ڕایگەیاندووە، “سوپای تورکیا ڕۆژانە 400 تۆن درەخت لە چیای جودی دەبڕێتەوە و دەیگوازێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ڕاشیگەیاندووە، “بەڵگەی پێویستمان لایە، کە 30 تراکتۆر و نزیکەی 70 کرێکار بۆ پڕۆسەی بڕینەوە و گواستنەوەی درەختەکان دانراون، سەرقاڵی وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکەن”.
چیای جودی لە سلۆپی-ی باکووری کوردستانەوە، تا ناحیەی باتیڤا لە سنوری زاخۆ لە باشووری كوردستان درێژدەبێتەوە، ناوچەیەکی سەوزە بە درەختی سروشتی، بەڵام چەندین ساڵە بەهۆی شەڕەوە سوپای تورکیا دەستی لەو ڕووبەرە سەوزە نەپاراستووە.