ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریکردنی میکانزمی جێبەجێکردنی یاسای بودجە سەردانی بەغداد بكات.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ شاندێكی هەرێم لەبارەی میكانیزمەكانی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە لەلایەن هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە، سەردانی بەغداد دەكات”.

هاوكات ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕیاربوو لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجە، شاندەكەی هەرێم سەردانی بەغدادی بكردایە و پابەندبوونی خۆی بەیاسای بودجەوە ڕابگەیاندایە، بەڵام بەهۆی نەهاتنی شاندەكە تائێستا هیچ بڕە بودجەیەك نەهاتووە بۆ هەرێم”.

وتیشی، “ڕەنگە شاندەكە هەمان ئەندامانی شاندی پێشوو بن و لەگەڵ وەزیرانی دارایی، نەوت و سەرۆك وەزیران كۆببنەوە”.

پێشتریش كەناڵی عێراقییەی فەرمی ئاشكرایكردبوو، مەبەستی سەرەكیی سەردانی شاندەكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بردنی لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمە بۆ بەغدا.

ئەمە لەكاتێكدا چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان دووپاتیكردووەتەوە، تەواوی زانیاری و داتاكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەستی بەغدا كردووە.

لە ڕۆژی 31ی ئازاری 2021 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەی 11ی لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسەندکرد، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا.

بەپێی ماددەی 11ی یاسای بودجە دەبێت حكومەتی هەرێم مانگانە (250) هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات کە %12.67ی بودجەیە.

بابەتی پێشتر

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە ئاهەنگێكی نهێنیدا هاوسەرگیریی كرد

بابەتی دواتر

كۆبوونەوەی پلاسخارت لەگەڵ بەرپرسانی حەشدی شەعبی نیگەرانیی لێدەكەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share