پەرلەمانتارێك: لە چوار مانگی ڕابردوو 571 ملیار دنیار داهاتی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەت

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، لەماوەی چوارمانگی ڕابردوودا زیاتر لە 571 ملیار دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و لە موچەدا خەرجكراوە، لەكاتێكدا پەرلەمانتارێكی پارتی ڕایگەیاندبوو 90%ی پارەی موچە لە هەولێر و دهۆكەوە دابیندەكرێنت.

لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو قسانەی لەبارەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی وتران، دوورن لەڕاستییەوە، چونكە تەنها لە مانگی 1ی ئەمساڵدا 161 ملیار دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕێندراوەتەوە، هەروەها لە مانگی دووشدا هەمان بڕە پارە لە داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕێندراوەتەوە”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، لە مانگی سێی ئەمساڵدا زیاتر لە 133 ملیار و 400 ملیۆن دینار داهاتی سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لەمانگی چواریشدا داهاتی پارێزگای سلێمانی کە 116 ملیار دینار بووە، بەهەمان شێوە گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم.

بۆیە وەردی دوپاتیكردەوە، لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 571 ملیار و 400 ملیۆن دینار داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم گەڕێندراوەتەوە و لە موچەدا خەرجكراوە.

دەربارەی وتەی پەرلەمانتارێكی پارتی، كە باسیلەوەكردبوو یەكێتی داوایكردووە موچە لەكاتی خۆی نەدرێت، لوقمان وەردی ڕایگەیاند، “تیمی یەكێتی تەواو بەرپرسیارانە مامەڵەی كردووە و ئەو قسانەش دوورن لە ڕاستییەوە”.

جەختی لەوەشكردەوە، “لێبڕینی موچە تەواو نایاساییە و پێویستە كۆتایی پێبهێنرێت، چونكە داهاتی هەرێمی كوردستان زیادیكردووە و نرخی نەوتیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە”.

پێشتر بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاندبوو، 90%ی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچە لە هەولێر و دهۆكەوە دابیندەكرێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی دابەشكردنی موچەی دوو وەزارەتی دیكەی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

جوتیار عادل: دڵنیایی دەدەین لە چارەسەركردنی كێشەی موچە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share