ئەمڕۆ سێشەممە کارەکانی 24مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبێت.
د. ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەمڕۆ كارەكانی یەکەمین رۆژی 24مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوامبێت، فێستیڤاڵەكە بە وتارەکان دەستیپێكرد، دواتر بە ئاهەنگێکی مۆسیقا و خوێندنەوەی شیعر و كردنەوەی پێشانگایەکی کتێب لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی چالاكییەكان دەستپێدەكەن”.
وتیشی، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و باری دارایی، میوانی کەمتریان بانگهێشتی فێستیڤاڵەكە كردووە.
سەرۆکی بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژ ئەوەشیخستەڕوو، دیالۆگی ئەمساڵیان لەسەر کلتوری ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و زۆربەی میوانەكانیش لەو بەشەی كوردستانەوە هاتوون، ژمارەیەکی بەرچاویش کەسایەتی و نوسەری عێراقیش لە فێستیڤاڵەکە بەشدار دەبن.
فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیڤاڵێکی ئەدەبییە، لەساڵی 1996ەوە ساڵانە لە لەلایەن بنکەی ڕوناکبیریی گەلاوێژەوە بەڕێوەدەچێت.