بەرهەم ساڵح پرۆژەیاسای گێڕانەوەی سامانی دزراوی عێراقی ئاڕاستەی پەرلەمان كرد

سەرۆک کۆماری عێراق پرۆژەیاسای گێڕانەوەی پارە و سامانە دزراو و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات، ئاڕاستەی پەرلەمان کرد.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2003وە عێراق هەزار ملیار دۆلار (یەك ترلیۆن دۆلار)ی بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەستداوە، هەروەها 150 ملیار دۆلاریش لە گرێبەستە گەندەڵییەکاندا براوەتە دەرەوە.

وتیشی، گەندەڵی زیانی گەورەی بە ئابوریی عێراق گەیاندوە و پارەیەکی زۆری عێراق بە گەندەڵی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراوە.

باسیلەوەشكرد، “پڕۆژەیاساکە چەند هەنگاوێکی تێدایە بۆ گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی، هەروەها پشتگیریی دامەزراوە دارایی و چاودێرییەکان و چالاککردنی ئامڕازەکانی پرۆسەكە”.

لە پڕۆژەیاساكەی بەرهەم ساڵحدا “هەنگاوی پێشوەختەی كرداری هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها هەنگاوی پاشوەختەشی تێدایە بۆ دەستگەیشتنەوە بە پارە لەدەستدراوەكانی گەندەڵی”.

داواش دەکات هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێنرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، هاوشێوەی هاوپەیمانێتیی دژی داعش.

بەرهەم ساڵح لەوتارەكەیدا ڕاشیگەیاند، “گەندەڵی ئیرادەی گەلی بۆ پێشکەوتن و بونیادنانەوە پەکخستووە، هەر ئەوەش بووەهۆی خۆپیشاندانی گەنجان و داواکردنیان بۆ پاککردنەوەی وڵات لەو دیاردەیە”.

سەرۆك كۆماری عێراق گەندەڵی و تیرۆریشی بەیەكەوە بەست، سوورە لەسەر ئەوەی سەرجەم دامودەزگاکان ڕێکاری توند و یەکلاییکەرەوە بگرنەبەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، “چونکە مەترسیی گەندەڵی هیچی لە مەترسیی تیرۆر کەمتر نییە” و “هەردووكیان توانای بەردەوامی بەیەكتر دەدەن”.

بابەتی پێشتر

هەرێمی كوردستان مامۆستایانی وانەبێژ لە یەككاتدا و ڕێكخراوتر گردبوونەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی شارەوانی: پێنج ملیار دینار بۆ سەوزاییەکانی شاری سلێمانی تەرخاندەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share