بەهۆی ژەهراویبوون بە “مەی ساختە” لە توركیا 44 كەس گیانیان لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی باج لەسەر مەی كە وایكردووە خواردنەوە كحولییەكان گران بن و هاوڵاتییان بەدوای نرخی هەرزاندا بگەڕێن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، پاش ئەوەی حكومەتی توركیا بەڕێژەیەكی بەرز باجی خستووەتەسەر خواردنەوە كحولییەكان، بەرهەمهێنانی خواردنەوەی ساختە و هەرزان زیادیكردووە، ئەوەش ئاشكراكراوە، “ئەو خواردنەوە كحولییانەی لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرهەم دێن بەرێژەی 443% باجیان خراوەتەسەر، جۆرێكی بیرەش بەڕێژەی 365% و جۆرێكی دیكەی مەی-یش 234% باجی خراوەتەسەر”.
ئەو باجە زۆرەش وایكردووە خواردنەوە كحولییەكان گران بن، ئەوانەشی كە مەی دەخۆنەوە بەدوای جۆرێكی هەرزانتردا دەگەڕێن.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كردووە، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی مەی ساختە لە وڵاتەكە سەری هەڵداوە و ئۆپراسیۆنێكیش لەلایەن ئاسایشی توركیاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستی پێكردووە.
لەو ئۆپراسیۆنەدا توانراوە، 58 كەس دەستگیربكرێن كە هەستاون بە ساختەكردنی مەی و فرۆشتنی بە هاوڵاتییان، حەوت لەوانەش لە قۆناغی دادگاییكردندان.
ئاژانسەكانی هەواڵ ئەوەیان خستوەتەڕوو، 44 كەس لە توركیا لەماوەی یەك هەفتەدا بەهۆی مەی ساختەوە ژەهراوی بوون و گیانیان لەدەستداوە.