دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ سزای دارایی بە بڕی نزیكەی 40 هەزار یۆرۆ بەسەر توركیادا سەپاند وەك قەرەبوكردنەوەی دوو ڕۆژنامەنووس، كە بە تۆمەتی “هاوسۆزبوون بۆ ڕێكخراوی تیرۆرستی” دەستەبەسەركرابوون.
دادگاكە، بەرزترین دەستەی دادوەری ئەنجومەنی ئەوروپایە، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، دەستبەسەركردنی دەنگە ناڕازییەكان كاریگەری نەرێنیی جۆراوجۆری بۆسەر دەستبەسەركراوان و كۆمەڵگا بە گشتی دەبێت.
دەشڵێت، “ڕێوشوێنەكان دەبێتە هۆی بێبەشبوون لە ئازادی، هەروەك دۆخێكی لەو جۆرە، كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لەڕێی تۆقاندنی كۆمەڵگای مەدەنی و بێدەنگ كردنی دەنگە ناڕازییەكان”.
هەردوو ڕۆژنامەنووس تونك ئیلكەر ئەوگریتن و ماهر قەنات، كە ناسراون بە تێڕوانینە ڕەخنەئامێزەكانیان بەرامبەر سیاسەتەكانی حكومەتی توركیا، لە كانونی یەكەمی 2016 تا كانونی یەكەمی 2017 بە تۆمەتی “پەیوەندیداربوون بە ڕێكخراوی تیرۆرستیی چەكدار” دەستبەسەركران.
دەسەڵاتدارانی توركیا تۆمەتباریانكردن بە ناردنی نامەی ئەلیكترۆنی بۆ بیرات ئەلبیرق، زاوای سەرۆكی توركیا و، دواتریش نامە ئەلیكترۆنییەكانی ئەو وەزیرە، لە ساڵی 2016 لەلایەن كۆمەڵەی (ڕید هاك) دزەی پێكرا و لە سایتی ویكیلیكس بڵاوكرایەوە.
دادوەرانی دادگاكەی ئەوروپا بە كۆی دەنگ پێیانوابوو توركیا لەهەمان كاتدا پێشێلی “مافی ئازادی و ئاسایشی هەردوو ڕۆژنامەنووسەكەی كردووە و دەستبەسەركردنەكەیان پشتی بە هۆكاری لۆژیكی نەبەستووە بەهۆی گومانلێكردنیان بە ئەنجامدانی پێشێلكاری”.
هەروەك دادگاكە توركیای ئیدانەكرد بەهۆی بێبەشكردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس و پارێزەرەكانیان لە “گەیشتن بە دۆسیەكە بەبێ هۆكارێكی لۆژیكی” و بەوەش سزای ئەنقەرەیدا بە پێدانی 5750 یۆرۆ بە یەكێك لە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی زیانی مادی و 14 هەزار یۆرۆ بۆ هەر یەكێكیان بەهۆی زیانی مەعنەوی و 2250 یۆرۆ بەهەمان شێوە بۆ هەر یەكێكیان لەبری تێچوو و خەرجییەكان.
دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی ناوبەناو توركیا تۆمەتباردەكات بە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە پاش هەوڵی كودەتاكەی تەمموزی 2016، كە بەدوایدا هەڵمەتێكی گەورەی پاكتاوكردن و دەستگیركردن لە ڕیزەكانی سوپا و دادوەران و میدیا و ڕێكخراوە ناحكومییەكاندا ئەنجامدراون.
س: DW