ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بە بەڵگەوە وێنەی سێ گەریلای پەكەكەی بڵاوكردەوە، كە لە هێرشەكانی توركیادا و بەچەكی كیمیایی، لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی (مۆرنینگ ستار)ی بەریتانی، ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە، لەگەڵیدا وێنەی چەند گەریلایەكی پەكەكەی داناوە، كە بەدەست ڕۆژنامەكە گەیشتووە و دەردەكەوێت گەریلاكان بە كاریگەریی چەكی كیمیایی گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامە بەریتانییەكە نوسیویەتی، “ئەو دیمەنانەی لە وێنەكاندا دیارن، ناوچەی ئاڤاشینە لە سنوری پارێزگای دهۆك، گەریلاكان لە 3ی ئایاردا بە هێرشی كیمیایی توركیا گیانیان لەدەستداوە”.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێك كوردستان – كەجەكە بە ڕۆژنامەكەی وتووە، “هیچ ئاسەوارێکی برینداری لەسەر تەرمی گەریلاکان نابینرێت و پشتڕاستیدەکاتەوە، کە سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکان بەکارهێناوە”.
وتەبێژەكەی كەجەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەو وێنانە لەنێو گروپەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و وەتسئاپ لە توركیا دەستاودەستیپێكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێرشەكە بە چەكی كیمیایی كراوە، میدیاكانی توركیا بڵاویان نەكردووەتەوە”.
وتەبێژی كەجەكە ئەوەشیخستووەتەڕوو، سەربازانی تورکیا تەرمی ژنە گەریلایەک، کە لە تونێلێکی ژێر زەویدا كوژراوە، هێناوەتە دەرەوە و لە قسەکانیاندا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکان لە یەکتری پیرۆزدەکەن.
ڕۆژنامە بەریتانییەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا باسیلەوەشكردووە، پێشتر پەکەکە چەندینجار هۆشداریی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیا داوە، نمونەی ئەوەشیان هێناوەتەوە، كە ساڵی 2019 لە سەرێکانی-ی ڕۆژئاوای كوردستان سوپای تورکیا چەکی قەدەغەکراوی فۆسفۆڕیی لە دژی کورد بەکارهێنابوو، هەروەها لە شەنگالیش بەهەمانشێوە.
ڕۆژنامەی (مۆرنینگ ستار)ی بەریتانی لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، ئەو كارانەی توركیا پێچەوانەی پەیماننامەی 1997ی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە، کە تورکیاش واژووی لەسەرکردووە، نوسیویشیەتی، لە دژی ئەو پێشلکاریی و تاوانەی تورکیا، تائێستا وڵاتانی نێودەوڵەتی بێدەنگییان هەڵبژاردووە.