قائیمقامیەتی سلێمانی چەند بڕیارێك بۆ پاراستنی چیاكانی ئەزمڕ و گۆیژە دەردەكات

قائیمقامی سلێمانی: ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەرووی ڕێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە

لە سلێمانی چەند ڕێوشوێنێك بۆ پاراستنی هەردوو چیای ئەزمڕ و گۆیژە لە ئەگەری سوتان و زیانگەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەکە دەگیرێتەبەر، قائیمقامی شارەکەش دەڵێت، ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بەھەوڵی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان لە سلێمانی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەری 800 دۆنم زەوی سەوزکراوە و نزیکەی 100 ھەزار نەمام لە چیاکە ڕوێنراوە، ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی خۆیان لە چیاکەدا ھەن.

ئەو وتەیەی قائیمقامی سلێمانی لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی پاراستنی هەردوو چیاكە لە ئەگەری سوتان و زیانگەیاندن پێیان.

لە کۆبوونەوەکەدا دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بژاردەکان بۆ پاراستنی چیاکە، بڕیاری جێبەجێکردنی چەند ڕێوشوێنێك درا و قائیمقامی سلێمانیش ڕایگەیاند، ھەر کەسێک پابەندنەبێت ڕوبەڕووی ڕێکار و سزای یاسایی دەکرێتەوە.

دەقی بڕیارەكان:
١. لەزووترین کاتدا دەستدەکرێت بە ئاگربڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە دار و ژینگەی چیاکە.
٢. کۆشک و خواردنگەکانی سەرچیاکە پێویستە مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان ھەبێت و پابەنددەکرێن بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن.
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاکو بەیانی و خەوتن لە چیاکە قەدەغەیە.
٤. ئاگرکردنەوە لەسەر چیاکە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٥. تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ ڕێگری لە سوتانی چیاکە و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە.
٦. تیمی ھێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتوچۆ بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.
٧. داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین لە بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتێکی فراوانی ھۆشیارکردنەوە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی ھاوکارمان بن.

بابەتی پێشتر

وادەی دابەشكردنی موچەی لیوا هاوبەشەكان ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

دزێک دوای پێنج کاتژمێر چاوەڕێکردن هێرشیکردووەتە سەر خاوەن نوسینگەیەکی دراو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share