ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش دووەم دانیشتنی بەپەلەی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ڕێكدەخات، ئیسرائیلیش بەنیازی هەڵمەتێكی فراوانی سەربازییە بۆسەر كەرتی غەززە.
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبونەوەیەكی بەپەلەی لەبارەی هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجامدا، بێ ئەوەی هیچ ڕاگەیەندراوێك بڵاوبكەنەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنەكە دووبارە كۆببێتەوە و تاوتوێی پرسەكە بكات.
ئەمریكا لە كۆبونەوەی یەكەمی ئەنجومەنی ئاسایشدا دژی ئەوە بوو ئەنجومەنەكە لەمكاتەدا ڕاگەیەندراوی لەبارەی گرژییەكانەوە هەبێت، دیار نییە دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆش هەڵوێستیان دەبێت یان نا.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، بۆردوومانی دوولایەنەی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەردەوامیی هەیە.
میدیای ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، لەسەرەتای هەڵگیرسانی گرژییەكانەوە تا ئێستا، لە كەرتی غەززەوە هەزار و 50 موشەك ئاراستەی ناوچە جیاجیاكانی ئیسرائیل كراون، بەو هۆیەوە پێنج هاوڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی قوربانییانی بۆردومانەكانی ئیسرائیلیش بۆسەر كەرتی غەززە بەرزبووەتەوە بۆ 35 كوژراو، كە بەشێكیان سەركردەی بزوتنەوەی حەماس-ن، لەنێویاندا سەرۆكی دەزگای ئاسایشی سەربازیی بزوتنەوەكە نوێترین سەركردە كوژراوەكانی حەماسە.
حەماس دان بەوەدا دەنێت، بەشێكی زۆری بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بارەگاكانی پۆلیس و سەربازی و فەرمانگە حكومییەكانی گرتووەتەوە، بۆیە ژمارەیەك لە ئەندام و سەركردەكانی بزوتنەوەكە، كە دەسەڵاتدارە بەسەر كەرتی غەززەوە، كوژراون.
لای خۆیەوە كەناڵی عەرەبییە لەزاری پەیامنێرەكەیەوە لە ئیسرائیل بڵاویكردەوە، تەلئەبیب بەنیازە هەڵمەتێكی فراوانی سەربازی بۆسەر كەرتی غەززە ئەنجامبدات، بێ ئەوەی سروشتی هەڵمەتەكە ئاشكرا بكرێت، كە ئاسمانی دەبێت، یان زەمینی، بەڵام لەو چوارچێوەیەدا هێزی پەڕەشوتوانیی ناردووەتە سنورەكانی كەرتی غەززە.