سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەن لە یاسای بودجەدا لێبڕینی موچە بكرێتە یاسایی، دەشڵێت، چاوەڕێی پەسەندكردنی پرۆژەیاساكەن لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، تا ڕەوانەی پەرلەمانی بكات.
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان پرۆژەیاساكەیان ئامادەكردووە، لە ئێستادا لە ئەنجومەنی وەزیرانە و گفتوگۆی لێدەكرێت”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی وتیشی، ئومێددەكەن لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیراندا پرۆژەیاساكە پەسەندبكرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان.
لەبارەی چۆنێتیی داڕشتنەوەی پرۆژەیاساكە و هێڵە گشتییەكانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، “پرۆژەیاساكەی نەبینیوە، تا نەگاتە پەرلەمانی كوردستانیش، ئەركی ئەوان نییە بیبینن.
دەربارەی ئەوەی لێبڕینی موچە لە پرۆژەیاساكەدا هەبێت، هەڵوێستیان چی دەبێت؟ زیاد جەبار جەختی لەوەكردەوە، تا ئێستا بە تەواوی نازانن ئەو “لێبڕینە نایاساییە”ی هەیە، ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت بیكاتە یاسا یاخود نا، “بەڵام ئەگەر پرۆژەكە لێبڕینی تێدابێت، پشتیوانیی ناكەن و ڕێگەنادەن بەردەوامی بە لێبڕینی موچە بدرێت و ببێتە یاسا”.
ئەمڕۆ وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی واژووی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە كرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد.
لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان بودجەی ساڵانەی نەبووە، بیانووی سەرەكیی نەبوونی یاسای بودجە بریتی بوون لە شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە.
بڕیاربوو ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی ئازاری ڕابردوو پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكردایە، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە، پێدەچێت دوای ئەوەی پرۆژەیاساكە نێردرایە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانیش بەمزووانە بینێرنە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.