لە کۆمەڵگای کەلەکچی سەر بە قەزای شێخان، بەهۆی ناکۆکی و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، پیاوێك و هاوژینەكەی کوژران و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون.
هێمن سلێمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە کێشەی نێوان دوو بنەماڵەدا لە کۆمەڵگای کەلەکچی سەر بە قەزای شێخان، گرژی و شەڕ دروستبووە بەوهۆیەوە پیاوێك و هاوژینەكەی کوژران و چەند كەسێكی دیكەش لە هەردوولا برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی ڕووداوەکەدا هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەرچووە و ناو و ناسنامەشیان ئاشکرایە.
پێشتر و چەند ڕۆژێک لەمەوپێش، لە کۆمەڵگای چڕەی سەربە قەزای شێخان، بەهۆی کێشەی زەویوزار لەنێوان دوو بنەماڵەدا، ژنێک کوژرا.