ئەنجومەنی وەزیرانی هەێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دادگاکان سەربەخۆن و حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکاندا بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، ” لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دانپێدانانەکانی پێنج تاوانبار ، ناوی چەند کونسوڵخانەیەک هاتبوو لە میانی کەیسەکەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، لە ڕۆڵی هاوپەیمانەکانمان لە دیپلوماتکاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕوانین، بەتایبەتی پشتیوانیکردنمان لە شەڕی دژ بە داعش”.
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەمانکاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، بۆیە حکومەت بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکاندا بکات.
ڕاگەیەنراوەکە دەڵێت، “ئێمە پابەندین بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و سەروەری یاسا، بەردەوامیش دەبین لە شەڕی دژ تیرۆر و پارێزگاریکردن و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتییانمان و کونسوڵخانە و نێردە دیپلوماتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کاری لە پێشینەمان دەبێت”.