کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە بەشێک لە ناوچەکان، کەشی تەمومژ و بەفربارین بەردەوامدەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان لە کاتەکانی بەیانی لە هەندێک ناوچە تەمێکی چڕ دەبێت، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆ کاریگەرییەکەی کەمدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسمانی سنووری پارێزگای سلێمانی نیمچەهەور دەبێت بە درێژایی کاتەکان، لە سنووری پارێزگای هەولێر تا کاتەکانی نیوەڕۆ، تەم دەبێت، پاشان لەگەڵ هاتنی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک، کەشی ئەو پارێزگایە و ناوچە شاخاوییەکانی بەردەوام هەور دەبێت لەگەڵ نمەبارانی کەم و بارینی بەفر لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە روو لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات، ئەمە بەردەوامدەبێت تا کاتەکانی شەو.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ کاریگەریی ئەم بەفر و بارانبارینەی هەیە، لەسەر بەشێک لە قەزای شنگال و شاخی شنگال، لە بەرزیی 1400 مەتر، ئەگەری بەفربارین هەیە.
دەشڵێت، “پلەی گەرمی کەمێک نزمدەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ”.
لەبارەی کەشی سبەى چوارشەممەوە، کەشناسی پێشبینیدەکات، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زوو، ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان، لە سەنتەری پارێزگاکان، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت بەگشتی، هەروەها لە بەرەبەیانی زوو، ئەگەری بەفرێکی کەم لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەیە.
باس لەوەشدەکات، بەرزترین پلە بەرزدەبێتەوە و نزمترین پلە نزمدەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی
دهۆک : 12 پلەی سیلیزی
زاخۆ :13 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 9 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 12 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 9 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 15 پلەی سیلیزی